Emre Aytekin
30 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2023
پەکین – AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور رایگەیاند کە لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوونەخاوەن چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە، پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە.
ئاژانسی هەواڵیی یۆنهاپ "Yonhap" بڵاوی کردەوە، ستۆڵتێنبێرگ لە ئەنیستیتۆی CHEY کە لە مەترسییە جیۆسیاسییەکانی نیمچەدوورگەی کۆریا دەکۆڵێتەوە و بارەگاکەی لە سیئۆلە، رایگەیاند کە تاکوو چەکە ئەتۆمییەکان بمێنن، ناتۆ بەردەوام دەبێت لە مانەوەی وەک "هاوپەیمانییەتییەکی ئەتۆمی".
ستۆڵتێنبێرگ بە جەختکردنەوە لەوەی کە تاکوو هەڕەشەی ئەتۆمی رووسیا، چین و کۆریای باکوور بەردەوام بێت، وازهێنانی ئەمریکا و فەڕەنسا کە ئەندامن لە ناتۆ لە چەکی ئەتۆمی مەترسی زیاتر دروست دەکات، گوتی: "تاکوو وڵاتە بەهێزەکانی هاوشێوەی رووسیا خاوەن چەکی ئەتۆمی بن و وەبەرهێنانی مەزن بکەن بۆ ئەمە، چین بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی ژمارەی چەکەکانی و چالاکییەکانی کۆریای باکوور بەردەوام بن، دەردەکەوێت کە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی هێشتا چەند گرنگە".
سکرتێری گشتیی ناتۆ بە جەختکردنەوە لەوەی لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوونەخاوەن چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە، فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە، گوتی: "مەبەست لە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ و هاوبەشەکانی وەک کۆریای باشوور هەرچەند خاوەن چەکی ئەتۆمیش نەبن، کەڵک وەردەگرن لە فراوانکردنی ڕێگرییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا. ئەمەیش باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان".