Hemin Othman Mohammed
05 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2024
سنە – AA
لە گوندی گەشتیاری دەگاگا لە قەزای سەوڵاوا (سروئاباد) لە پارێزگای سنە، ڕێوڕەسمی هەزار دەف بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە دەف ژەنانی کوڕ و کچ لە تەمەنە جیاوازەکان بەشداربوون.
ساڵانە لە سەرەتای وەرزی بەهاردا لە گوندی دەگاگا ئەم ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەدەچێت کە ڕێوڕەسمێکی ئایینیی، کولتووریی و ڕۆشنبیرییە و، هەزاران گەشتیار لە شار و ناوچەکانی دەوروبەرییەوە بەشداری تیادا دەکەن.
سازکردنی ئەم ڕێوڕەسمە سیمایەکی جوانی بە گوندەکە بەخشیووە و تەواوی خەڵکەکەی لەو ڕۆژەدا جلی ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشن و ڕۆژەکە بەرز ڕادەگرن.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ناوچەکەی کرد و دیمەنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەی تۆمار کرد.
ئەوەی سیمای جوانی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشیووە دابەشبوونی دەف ژەنانە بەسەر بانی ماڵەکاندا بەشێوەیەک دەستە دەستە و چەند کەسێک بە یەک ئاواز دەف دەژەنن.
لە ڕێوڕەسمەکەدا دەف ژەنان بەدەم گوتنەوەی سروودی ئاینییەوە دەفیان ژەنی و چەند هونەرمەندێکیش بە کۆرس بەشداریان تیادا کرد.
سازکردنی ڕێوڕەسمەکە قەرەباڵغییەکی زۆری لە گوندەکە دروست کردووە و، بەهۆی سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ ناوچەکە، بازاڕێکی بچووک بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ و نمایشکردنی کارە دەستییەکان و خواردنە خۆجێییەکان لە گوندەکە هەیە.
گوندی دەگاگا دەکەوێتە ناوچەیەکی کوێستانی قەزای سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و دانیشتوانی ئەو گوندە بە شێوەزاری هەورامی قسە دەکەن.