Ertuğrul Subaşı,Muhammet Ali Kemal
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
دوای ئەوەی لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رووداو و نەهامەتییەکانی حەلەبی گەیاندە جیهان و لەچوارچێوەی ئاگربەستەکەی سووریادا هاتە تورکیا، بانە ئەلعابدی سووریی، سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە قەدەغەی گەشتکردن بۆ ئەمریکای خستەسەر هاووڵاتییانی حەوت وڵات کە زۆربەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن، رایگەیاند: ''چاوەڕێ دەکەم هاوکاری منداڵە سوورییەکان بکات، بەڵام بیستوومە کە کۆچکردنی منداڵە سوورییەکانی بۆ ئەمریکا قەدەغەکردووە. من زۆر دڵتەنگم لەو دۆخە، چونکە مناڵە سوورییەکان تیرۆریست نیین''.
ئەو منداڵە لەگەڵ دایکیدا، فاتمە ئەلعابد، بۆ یاریی کرد و کات بەسەربردن سەردانی هاوتەمەنەکانی خۆی لە 'ناوەندی کۆمەڵگە'ی ئەنقەرەی مانگی سووری تورکی کرد.
فاتمە ئەلعابدی دایک ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە چەندین رووداوی ناخۆش لە سووریا روویانداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سڤیل زیانمەندبوون، جەختی لەوەشکردەوە منداڵان زۆرترین زیانی ئەو شەڕەیان بەرکەوتووە و زۆرێک لە هاووڵاتییان، منداڵەکانیان، دایک و باوکیان و خانووەکانیان لەدەستداوە.
دایکی بانە هیوای ئەوەی خواست لەداهاتوودا هەمووان بگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسی خۆیان و منداڵانیش کە ئێستا نازانن چ دەگوزەرێت، بچنەوە سەر گوزەرانی راستەقینەی خۆیان.
ئەلعابد سەبارەت بە ژیانی خۆی رایگەیاند ئەو لە کۆلێژی ماف خوێندکار بووە و هاوکات مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە بەڵام بەهۆی رووداوەکانی وڵاتەکەیەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، باسی لەوەشکرد بەهۆی ئەوەی کە وڵاتەکەمان نائارام بوو، نەماندەتوانی نە بچینە خوێندنگە و نە نەخۆشخانە، راشیگەیاند: ''لەئێستادا خاوەنی هیچ شتێک نیین لە سووریا، نە خانوو نە ئۆتۆمبیل، هیچ شتێک''.
فاتمە ئەلعابد ئاماژەی بەوەکرد خۆشحاڵە کە هاتووەتە تورکیا و منداڵەکانی بە ئارامی دەژین. هاوکات سوپاسی حکوومەتی تورکیا و مانگی سووری تورکی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشیان کردوون.
ئەو دایکە سوورییە تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لەوڵاتەکەی خۆیاندا بوون، منداڵەکان و بەتایبەت بانە، نەیانتوانیوە تەنانەت بچنە کۆڵان و لەئێستادا کە لە تورکیان، وا هەست دەکەن لە بەهەشتن و گوتی: ''ئەوەی کە ئەوان وا دەزانن ئەمە ژیانی راستی نییە و بەهەشتە، جێگەی شەرمە بۆ مرۆڤایەتی''.
لای خۆشییەوە بانە ئەلعابد باسی لەوەکرد ئەو پارکەی لەگەڵ هاوڕێکانی یارییان تێداکردووە، بۆردوومان کراوە و هاوڕێکانی گیانیان لەدەستداوە کە لە سووریا بووە لەترساندا نەیتوانیوە بچێتە خوێندنگە، لەوەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەو نامەیەی بۆ ترەمپی نووسیوە، گوتی: ''چاوەڕێ دەکەم هاوکاریی منداڵە سوورییەکان بکات، بەڵام بیستوومە کە کۆچکردنی منداڵە سوورییەکانی بۆ ئەمریکا قەدەغەکردووە. من زۆر دڵتەنگم لەو دۆخە، چونکە مناڵە سوورییەکان تیرۆریست نیین''.