قاھیرە
دوێنێ شەو لەکاتی گواستنەوەی ئەو بەندییانە بۆ گرتووخانە، پێکھەڵپژان لەنێوان بەندییەکان و ھێزەکانی پۆلیسدا ھاتووەتە ئاراوە، لەئاکامدا ٥٢ کەس لەبەندییەکان گیانیان لەدەستداوە.
لایەنگرانی مورسی داوای لێکۆڵینەوەی نێودەڵەتی دەکەن لەو رووداوەو بەرپرسیارێتی تەواوی رووداوەکەیان خستە ئەستۆی وەزیری ناوخۆی میسر.
وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاند: لەکاتی گواستنەوەی ٦١٢ بەندکراو بۆ گرتووخانە، بەندییەکان ھەوڵی ھەڵاتنیانداوە لەدەستی پۆلیس و ئەفسەرێکیشیان لای خۆیان بەبارمتە گلداوەتەوە، ھێزە ئاسایشپارێزەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێناوەو ئەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆ سەرەتا وا بڵاویکردەوە ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە دواتر رایانگەیاند: ٣٦ کەس مردوون.
لەلایەکی دیکە لەبارەی رووداوەکەی شاری ئەلقلوبیە (بزووتنەوەی ھاوپەیمانی نەتەوەیی لەمیسر) رایگەیاند: ئەو ڕووداوە مانای مامەڵەکردنی خراپ دەگەیەنێ لەگەڵ نەیارانی کودەتا. ئەوە بەڵگەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ خراپی مامڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران.
بزووتنەوەکە خوازیارە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بکرێ لەبارەی ئەو رووداوەو بەرپرسیارێتی تەواویشیان خستە ئەستۆی وەزیری بەرگریی و وەزیری ناوخۆی میسر.