Muhammet Ali Kemal
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2017
واشنتۆن- AA
ئەوە راگەیەنرا کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ داوای دەستلەکارکێشانەوەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، مایکڵ فلینی کردووە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە راوێژکاری سەرۆکایەتی، دۆناڵد ماکگاهن 17 رۆژ لەمەوبەر زانیاریی ئەوەی داوەتە دۆناڵد ترەمپ و ئاگاداری کردووەتەوە کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، مایکڵ فلین زانیاریی هەڵەی داوەتە جێگری سەرۆک، مایک پێنس سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسڵیاک ئەنجامیداوە.
شان سپایسەر باسی لەوەشکرد کە سەرۆکی ئەمریکا ''لەبوونی کێشەیەکی متمانەپێکردن'' ئاگادارکراوەتەوە و لەسەر ئەوەش، ترەمپ داوای لە فلین کردووە، دەست لەکاربکێشێتەوە.
سپایسەر رایگەیاند ''سەرۆک زۆر لەوە نیگەران ببوو کە فلین، زانیاریی هەڵەی داوەتە مایک پێنس و ئەوانی دیکە'' و لەدوای ئەو رووداوانەشەوە ترەمپ داوای لە فلین کردووە، دەست لەکاربکێشێتەوە.
گوتەبێژەکە ئاشکراشی کرد دوای ئەوەی کە ئاشکرابوو، فلین لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسڵیاک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە، لەلایەن کۆشکی سپییەوە خرایە ژێر چاودێرییەوە و گوتی: ''هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەوە، بەمەبەستی تێگەیشتن لەوەی ئەو بابەتە هەڵەیە یان نا، هەموو رۆژێک لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوە''.
شان سپایسەر جەختی لەوەکردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا هیچ فەرمانێکی نەداوەتە فلین بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ باڵیۆزی رووسیادا بکات و دوای ئەوەش کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئەنجامدراوە، ترەمپ ئاگاداری دۆخەکە بووە.
لای خۆیشییەوە یەکێک لە راوێژکارانی ترەمپ بەناوی کێڵیان کۆنوەی، سەبارەت بەدەستلەکارکێشانەوەکەی فلین، رایگەیاندبوو ''فلین دەیزانی کە ئەوە باشترین رێگە چارەیە''.
کێڵیان کۆنوەی سووربوو لەسەر گوتەکانی خۆی کە رۆژێک بەرلە دەستلەکارکێشانەوەی فلین، رایگەیاندبوو ''جەنەراڵ فلین، خاوەنی متمانەی تەواوەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە'' و گوتی: ''ترەمپ کەسێکی زۆر راستگۆیە. فلین بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا. ئەو دەیزانی ئەو بڕیارە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە''.
فلین لەدوای بڵابوونەوەی دەنگۆکان سەبارەت بەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و کیسڵیاک، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دابوو.
بانگەشەی ئەوە کرابوو، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە بەرلە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئەنجامدراوە، مایکڵ فلین و سێرگی ئیڤانۆڤیچ کیسڵیاک باسی ئەو سزایانە کراوە کە ئەمریکا بەسەر رووسیادای سەپاندووە. بەڵام لای خۆیەوە فلین ئەو دەنگۆیانەی رەتکردبوویەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی بەمەبەستی سەرەخۆشی ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکرابوو فلین هەر بەو شێوەیە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنسی ئاگادار کردووەتەوە. لەبەرامبەریشدا مانگی رابردوو پێنس بەمەبەستی بەرگرییکردن لە فلین باسی لەوەکردبوو کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ باڵیۆزی رووسیادا، باسی لەو سزایانەی نەکردووە کە واشنتۆن بەسەر مۆسکۆدا سەپاندوویەتی. بەڵام لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا دامەزراوە بەناوبانگەکانی میدیا لە ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە رەنگە فلین باسی سزاکانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کردبێت.
لەدوای ئەوەشەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر ئەوەی پشتڕاست کردبوویەوە کە فلین داوای لێبوردنی لە پێنس کردووە و لای خۆیشییەوە ترەمپ هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ناوبراو کردووە.