Nazlı Yüzbaşıoğlu
16 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ/ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی هوبەر لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەگێلا مێرکڵ کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە بەشێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو، رهجهب تهیب ئهردۆغان و ئهنگێلا مێركڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێکخست.
مێرکڵ لە میانی گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا دواون و رایگەیاند: "پرسی کۆچی نایاسایی بابەتێکی زۆر گرنگە. من باسم لەوە کرد کە یەکێتی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی ئەو پشتیوانییانەی دەربارەی ئەم پرسە بە تورکیای دابوو. لە پرسی پەنابەران و کۆچبەراندا تورکیا هەنگاوی زۆر گرنگی گرتوەتە بەر. هەروەها هەماهنگییەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بەردەوامن".
راوێژکاری ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا لەسەر پرسی پەنابەران، گوتی: "رێککەوتننامەی تایبەت بە پەنابەران، رێککەوتننامەیەکە لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا. لەم پرسەدا ئەڵمانیا وەک بەرگریکارێک رۆڵی بینی. دەمانەوێت رێگری لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بگیرێت و لەم پرسەشدا مەرجە یەکێتی ئەورووپا پشتیوانی تورکیا، بکات".
"هەمیشە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە"
ئهنگێلا مێرکڵ دەربارەی تێڕوانینی بۆ تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە وێڕای گرفتە ئابوورییەکان، تورکیا توانیویەتی ستانداردەکانی خۆی بەرز بکاتەوە و رایگەیاند: "تورکیا، وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ بۆ ئێمە گرنگە. دەتوانین بەچاوی خۆمان ببینین کە ئیستانبوڵ چۆن بووەتە پرد لە نێوان دوو کیشوەردا".