Dmitri Chirciu
24 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2023
مۆسکۆ - AA
دامەزرێنەری گرووپی چەکداریی ڤاگنەر، یەڤگێنی پریگۆجین کە دژی وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو وەستاوەتەوە، گەمارۆی باڵەخانەی بارەگای ناوچەی سەربازیی باشووری رووسیای لە رۆستۆڤ-نا-دۆنو دا.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، چەکدارانی ڤاگنەر بە زرێپۆش و تانک لە دەوری باڵەخانەی بارەگای ناوچەی سەربازیی باشووری رووسیا سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە جێگیرکراون و چەکی قورسیان بەرامبەر دەرگا و پەنچەرەکانی بیناکە داناوە و ئەندامانی گرووپەکە لە جووڵەی بەردەوامدان کە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی خاڵە هەستیارەکانی شەقامی رۆستۆڤ-نا-دۆنو دەدەن.
دامەزرێنەری ڤاگنەر پریگۆجین، کە دەبینرێت لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی لە بەردەم بارەگاکەدا تەوقە دەکات رایگەیاند: "جارێکی دیکە دەیڵێمەوە. ئێمە شۆیگو و سەرۆکی ئەرکانی سوپامان دەوێت لێرەدا. تا ئەوان دێن لێرە دەبین. رۆستۆڤ هەڵدەپەسێرین و دەچین بۆ مۆسکۆ".
لە دیمەنەکدا کە لە کەناڵی خۆی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، پریگۆجین رایگەیاند: "لە بارەگاکەداین. دامەزراوە سەربازییەکانی رۆستۆڤ بە فڕۆکەخانەی سەربازییشەوە لە ژێر کۆنترۆڵماندایە".
پریگۆجین بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەرۆک ئەرکانی سوپا لە بارەگاکە رایکردووە و گوتی: "کێشە نییە، هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵدایە. هەوڵ دەدەین هێزە ئاسمانییەکان هێرش نەکەنە سەر ئێمە، بەڵکو هێرش بکەنە سەر ئۆکراینییەکان. گوێ لەو هەواڵانە مەگرن کە باس لەوە دەکەن ڤاگنەر لە بەرەکانی جەنگ رێگریی بۆ سوپا دروست کردووە، دۆخی بەرەکانی جەنگ بەهۆی ئێمەوە تێکنەچووە. کاتێک هاتینە ئێرە جارێکی دیکە زۆر شتمان پشتڕاست کردەوە، خاکێکی زۆر لە دەستچووە. ژمارەی ئەو سەربازە رووسیانەی کوژراون ٣-٤ هێندە لەوە زیاترە راگەیەندراوە. هەندێک رۆژ نزیکەی هەزار سەرباز دەکوژرێت".
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری ناوچەی رۆستۆڤ، ڤاسیلی گۆلوبێڤ، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو چالاکییە هەستیارەکانی کە بۆ رۆژانی کۆتایی هەفتە دانرابوون و بەشێوەیەکی کاتیی هاتوچۆی لە رۆستڤەوە بۆ تاگانرۆگ و باکووری بارەگاکە دانا.
- رووداوەکە
دامەزرێنەری ڤاگنەر پریگۆجین، سوپای رووسیای تۆمەتبار کردبوو بە هێرشکردنە سەر ڤاگنەر و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردبوو.
لە بەرامبەردا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تۆمەتی "یاخیبوونی چەکداریی" دۆسیەی لەسەر پریگۆجین کردەوە و داوای لە ئەندامانی ڤاگنەر کردبوو پریگۆجین دەستگیر بکەن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر.