Zana Natık Kerem
10 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2019
کەرتی غەززە ــ AA
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو ھێرشیان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامدا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی دوو ھێرشەکەدا، خاڵێکی سەربازیی لەگەڵ دوو بەلەمی سەربە بزووتنەوەی حەماس-یان لە شاری دیر بەلح ناوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
ھاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ھیچ زیانێکی گیانی لەئەنجامی بۆردومانەکە تۆمارنەکردووە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە خاڵێکی سەربازیی لەگەڵ دوو بەلەمی سەربە بزووتنەوەی حەماس-ی لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەشیکردووە کە بۆردومانەکە وەک وڵامێک بووە بۆ ئەو مووشەک و باڵۆنە ئاگرینیانەی کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی شارو شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە کە بزووتنەوەی حەماس بەرپرسە لە ئاراستەکردنی مووشەک و باڵۆنە ئاگرینییەکان بۆسەر شارو شارۆچکەکانی ئیسرائیل.
تا ئێستا ھیچ لایەنێکی فەڵەستینی بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئاراستەکردنی مووشەکەکان بۆ سەر ئیسرائیل رانەگەیاندووە.