واشنتۆن
بە پێی هەواڵێكی میدیای ئەمریكا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكان لە سوریا دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، لە پاڵ ئەمریكا پێنج وڵاتی دیكەش بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كردووە.
بەپێی ھەواڵێكی ناوەندی هەواڵنێری AP ی ئەمریكا، لە بەر ئەوەی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە بەرپرسانی ئەمریكا نایانەوێ كە وردەكارییەكانی ئاشكرا بكەن و تەنیا رایانگەیاندووە: "ئەمریكا و پێنج وڵاتی عەرەبی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، لە سوریا بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەكەی دژی خاڵە پشكنینەكان، بنكە، بارەگا، كەمپی پەروەردە و خاڵەكانی دیكەی لۆجستیكی گرنگی سەر بە داعش كردووە."
بەرپرسە ئەمریكییەكان ئاماژەیان بەوەداوە، ھاوشانی ئەمریكا وڵاتان بەحرەین، قەتەڕ، سعودیە، ئوردن و ئیمارات بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا كردووە.
لە ھەواڵەكەدا ھاتووە، بەشێك لە ھێرشەكان دژی بارەگایەكی سەر بە داعش لە پارێزگای رەقا بووە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن جۆن كیربی رایگەیاندبوو، ھێزەكانی ھاوپەیمانان كە لەگەڵ ئەمریكا بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكان بوون، بە فڕۆكە بۆردومان و بە موشەكی دور مەودای تۆماھاك دژی تیرۆریستەكان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن كردووە.
سوپای ئەمریكا لە مانگی ئابەوە دژ بە چەكدارانی داعش لە عێراق نزیكەی 190 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجامدابوو.