Zahir Ajuz,Khalaf Rasha
19 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە ــ AA
کۆریای باکوور و کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند کە لەسەر دوورخستنەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکان بۆ ھەڵگیرسانی جەنگ لە تەواوی نیمچە دوورگەی کۆریا رێککەوتن.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە کە سەرۆک، مون جای ئین و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جونگ ئون لە کۆتایی لووتکەی نێوانیاندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پیۆنگویانگ بەڕێوەچوو، لەسەر ئەرزی واقع رێککەوتوون کە بە یەکجارەکی کۆتایی بھێنن بە جەنگ لە نیمچە دوورگەی کۆریا.
ھاوکات بەپێی ئاژانسی ھەواڵیی یونھاپ، راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، یون یۆنگ چان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پڕۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا، چووەتە قۆناغی کردارییەوە و لە میانی رێککەوتنی ھەردوو کۆریا، کۆریای باکوور پابەندبوونی خۆی بۆ داخستنی دامەزراوەی ئەتۆمی یۆنگ پیۆن راگەیاندووە".
ھەر بەپێی راگەیەندراوە ھاوبەشەکە، سەرۆکی کۆریای باکوور و سەرۆکی کۆریای باشوور جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت ھەوڵەکان زیاتر بۆ پێشڤەچوونی راستەقینە بە ئامانجی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا چڕبکرێنەو، ھەروەھا لەسەر ئەوەش رێککەوتن کە ھەموو ھەڕەشە و مەترسییەکان بۆ ھەڵگیرسانی جەنگ لە تەواوی نیمچە دوورگەی کۆریای دوور بخەنەوە و راشیگەیاندووە لە چوارچێوەی کارنەمە سیاسییەکانیاندا ھەنگاو بۆ بەدیھێنانی خواست و داواکارییەکانی گەلی ھەردووڵات دەھاوێژن و زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو کۆریا دەدەن تا یەکدەگرنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە کە لەسەر داوی سەرۆکی کۆریای باشوور، سەرۆکی کۆریای باکوور لە نزیکترین کاتدا، سەردانی سیئۆل دەکات.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی کۆریای باشوور، مون جای ئین بەسەردانێک گەیشتە شاری پیونگیانگ کە لە میانیدا لەگەڵ ھاوتا باکوورییەکەی، کیم جونگ ئون کۆبوویەوە.