Muhammet Kurşun
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد کە تیایدا دووپاتی دەکاتەوە تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە. راشیگەیاندووە کە بە پێویستی دەزانێت لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك رابگەیێنت كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئومێدی ئەوەش دەخوازێت کە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری مووسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعوود بارزانی:
ماوەیەكی درێژە لە راگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی مووسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.
بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك رابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە. لەو رێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە. هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ رووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش.
هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنترۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی مووسڵ.
ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری مووسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.