هەولێر- AA
سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر دیدارێکی بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی و ئاکادێمییەکانی هەرێمی کوردستان رێکخستووە کە لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوکات ئەندامی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ ریفراندۆم، هۆشیار زێباری رایگەیاند "ئیمە ناچار کراین کە بگەیەنە ئەو بارودۆخە کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد ئەم بڕیارەی دا چونکە گەیشتبووینە رێگایەکی بنبەست و پێشتر لەسەر ئەو دەستوورە رێککەوتبووین کە پێکەوەبژین و مافەکان دیاریکرا و پێویست بوو کە سیستەمێکی فیدڕاڵی هەبێت بەڵام برادەرانی بەغدا کاتێک دەستوور دەخوێنننەوە رستەکە تەواو ناکەن، بەمەش ناگەنە مانایەکی پوخت. لە پێشەکی دەستوور دەستەواژەیەک هەیە دەڵێت پابەندبوون بەم دەستوورە، کەوایا دەبوو هەموومان پابەند بین. لە لایەکی دیکە زۆر باسی دەستوورییەت و نادەستوورییەتی ئەم هەنگاوە دەکەن، بۆیە دەبێت بپرسین کە لە کام شوێنی دەستوور رێگامان پێنادرێت و دەسەڵاتی راستەوخۆ دەستنیشان کراوە بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی. لە کۆتاییدا هاتووینەتە سەر ئەو بابەتەی کە ئەو سیستەمە کۆنە کاری پێناکەین و هەندێک خەڵک دەدۆزنەوە کە کاتی خۆیشی بەعس هەمان کاری دەکرد، بەڵام هەموومان دەزانین دەسەڵاتەکە لەدەست کێیە".
هۆشیار زێباری گوتی: "سەبارەت بەم بڕیارە خەڵک زۆر دەڵێت ئەگەر ٢٥ی مانگ ریفراندۆم کرا ئەوا ئینهیار دەکەین و خەڵک دەترسن، ئەگەر هاتوو رۆژی ٢٥ی مانگ هەموو چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دا واتا هیچ نامینێت، بێگومان ئەمەش مەرجی خۆی هەیە کە دەبێت ناوماڵی کورد رێکبخرێت و دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و دامەزراوەکان ئاسایی و کارابکرێنەوە چونکە لە لایەک داوای دەوڵەت دەکەیت و دەبێت دامەزراوەکانیش چالاک بن و زۆر پێشنیازی باش پێشکەش بە لایەنەکان کراون بە تایبەت گۆڕان کە وەرن پێکەوە کار بکەین".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بێگومان ئێستا هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە کە دەڵێن کاتی نییە و پێیان وایە چانسەکانی عەبادی لاواز دەکات، بەڵام بۆ هەموویان وەڵاممان هەیە و لە هەموو مێژووی دەوڵەتان بەردەوام پاساو هەیە کە تۆ ئەو کارە نەکەیت، ئەگەرنا پێیان دەڵیین ئێوە کاتێک دیاری بکەن، هەموو ئەو کارانە هیچیان کاریگەری لەسەر پابەندبوونی پێشمەرگە ناکات لە شەڕی دژ بە داعش، و بۆ زانیاریتان رۆژانە ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەل ئێران و تورکیا و ئەورووپا و ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەگەر ئەو بابەتە دوابخرێت ئەوا هیچ مسداقیەت نامینێت لە نێوان ئێمە و خەڵک، چونکە هەست دەکرێت ئەم دواخستنە بۆ لەباربردنی پڕۆسەکەیە".
هۆشیار زێباری گوتیشی: "ئەمڕۆ شاندەکە دەچێتە بەغدا و لەسەر هەموو باتەتەکان گفتوگۆ دەکەین وەکو نەوت و سنوور و دۆخی ئەمنی. هەموومان دەزانین ریفراندۆم خەونی هەموو کوردێکە و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین و ئەگەر ئەو دەرفەتەمان لەدەستدا ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە و خەڵک لەوە ترسی هەیە کە سنوور دابخرێت و گرانی لە بازاڕ دروست بێت کە لە راستیدا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە، کاتی خۆیشی کە هەڵبژاردنمان کرد هەموو دژی پڕۆسەکە وەستانەوە هەتا ئەمریکاش، بەڵام بڕیارەکەماندا و سەرکەوتووش بووین".
ناوبراو گوتیشی: "دەبێت ئەم پڕۆسەیە پاک و خاوێن بێت و دەبێت چاودێریەکی باش هەبێت و رێژەیەش پێویستە و ئەگەر بەڵێیەکی بەهێز بوو ئەوا جیاوازە لەگەڵ بەڵێیەکی لاواز. لە ئەنجامی ریفراندۆم بە بۆچووونی من زۆر لە هەڵوێستەکان دەگۆڕدرێت و دڵنیاشم ئێمە لەم پڕۆسەیە سەردەکەوین".
هۆشیار زێباری گوتیشی: "ئێمە ماوەیەکە لە دانوستانداین لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و وەکو دامەزراوەیەکی شەرعی کاری خۆی بکات، بەڵام راگەیەنراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئیجابی نەبوو بۆ ئەم پرسە و کۆمەڵێک مەرجی تیادا هەبوو کە بە بۆچوونی من رێگایەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە لایەکی دیکەشەوە رەنگە خەڵکی دیکە هەبێت بڵێت من دەنگ بە ریفراندۆم نادەم بەڵام هەر هێزێک لەم پرسە بەشدارییەکی ئیجابی نەکات بە راستی میللەت دادگاییان دەکات جا لەهەر لایەک بێت چونکە دەبنە هۆکاری خراپ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە".
بڕیارە ئەم دیدارەی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و لە چوارچێوەیەدا بەرپرسانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانیش پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
- سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین (٢)
هەولێر-AA
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی دا بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی ریفراندۆم و رایگەیاند کە ریفراندۆم واتا گەڕانەوە بۆ رای خەڵک.
لە دیدارەکەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "ریفراندۆم واتا گەڕانەوە بۆ خەڵک، سەرکردایەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا بڕیاری دا مافی چارەی خۆنووسین تەفسیر بکات بۆ ئەوەی لە عێراقێکی فیدراڵ هەرێمێکی سەربەخۆمان هەبێت. دواتر بەشداریمان کرد لە عێراقێکی فیدڕاڵی تازەدا بەو ئومێدەی کە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئەوانی دیکەش لەژێریدا بحەسێینەوە و دوای ١٤ ساڵ گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە بێئومێدبین لە عێراق چونکە جیاوازی ئەوانەی ئێستا و ئەوانی دیکە ئەوەبوو کە ئەوان بەبێ ریش نوێژیان دەکرد و ئەوانە بە ریشیەوە نوێژ دەکەن".
گوتیشی: "ئەگەر هەر کەسێک باسی پڕۆسەکە دەکات، ئەوا پێش ئەوەی لە ئێمە بپرسن دەبێت لەخۆیان بپرسن کە بۆچی کورد داوای سەربەخۆیی دەکات و بۆچی رێککەوتننامەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، چونکە زۆر کەس پێی وایە کە ئێمە تازە باسی ریفراندۆم دەکەین لە کاتێکدا ریفراندۆم دەمێکە باسکراوە، بەڵام بە دیاریکراوی لە مانگی یەکی ٢٠١٦ گفتوگۆی ئەوەکرا کە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدەین. بەڵام بە هۆی هەندێک هۆکاری جیاواز پڕۆسەکە دواخرا".
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێک دەچێتە بەغدا و لەوێ سەرۆکوەزیران عەبادی چاوەڕێمان دەکات و ئێوارە کۆبوونەوەمان هەیە و دواتر لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و باڵیۆزی وڵاتان و مەرجەعەکانی ئایینی و حزبی شیوعی کۆبوونەوەمان هەیە و تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەین".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "دەبێت لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی رێگا بەخۆیان نەدەن کە ئەم پڕۆسەیە لەناو چوارچێوەی لایەنێکدا بچووک بکەنەوە بەڵکو ئەمە پرۆژەیەکی نیشتمانییە و پێویستە هەموومان کار بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە بکەین".
سەبارەت بە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی سەبارەت بە پڕۆسەی ریفراندۆم، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "بە بۆچوونی من بەیاننەمەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی ئیجابی بوو، پێم وایە وادەکە بەسەرچووە و برادەرانی گۆڕان کۆبوونەوەکانی خۆیان بردووەتە قۆناغێک کە جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشووتر، بزووتنەوەی گۆڕان هێزێکی نیشتمانییە و کۆمەڵێک کەسایەتی تیادایە کە بە دڵنیاییەوە پەرۆشیی ئەوان جیاوازە لەگەڵ هەندێکی دیکە، بە پێی تێگەیشتنی من ئەو راگەیەنراوە بواری گفتوگۆی تیادایە".
- سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین (٣)
ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی، عەبدولستار مەجید: "با بە هۆی رای جیاوازەوە هیچ لایەنێک پێی وانەبێت کە ریفراندۆم دەرمانی دەردەکانە و هیچ کێشەیەک نامینێت".
هەولێر-AA
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند کە لە هەموو نەهامەتییەکاندا خەڵکی هەژار باجەکەی داوە. ئەو پێی وایە کە لە پڕۆسەی ریفراندۆمیش لەهەر حاڵەتێکدا خەڵکی هەژار دەبێت باجەکەی بدات.
لە دیدارەکەدا، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئێمە رەنگە تێبیینمان لەسەر ئەوە هەبێت کە ئەمە بابەتێکی نیشتمانییە و نابێت بە حزبی بکرێت و پڕۆسەیەکی گرنگە و ئێمە پێمان وابووە کە پێش ئەو پڕۆسەیە، دەبوو هەندێک شت هەیە کە دواخراوە دەبوو پێشبخرابووایە و دەبێت ئەوە بپرسین کە ئێمە لەم قۆناغەدا دەبێت چی بکەین، دەبێت چارەسەری ئەوە بکەین کە حزب نابێت لە جیاتی حکوومەت بڕیار بدات و دەبێت تەبایی سیاسیی دروست بکەینەوە.
گوتیشی: "لانیکەم بە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستمان بە گفتوگۆ هەیە و ئەگەر هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت ئەوا دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کۆمەڵێک ئەرک هەیە دەبێت جێبەجێی بکات. ئەو تەباییە سیاسییە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر دەروونییەت، هەر لایەنێک بە پێی تێڕوانینی خۆی کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە دەبێت، چونکە خەڵک دابەشبووە بەسەر لایەنەکان".
عەبدولستار مەجید هەروەها گوتی: "خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە کار بکەین لەبری قسەکردن، خەڵک بێزارە و دەبێت ئێمە ئاشتەوایی دروست بکەین و خەڵک لەم بارودۆخە نیگەرانە و موعاناتی زۆری دیووە و ئەگەر هەر قۆناغێکی دیکە بێتە پێشەوە ئەوا پێویست دەکات قوربانیشی بۆ بدات و ئایا ئەو میللەتە ئەو ئامادەگییەی هەیە کە قوربانییە بدات؟. هەرچییەک زیاتر بێت خەڵک زیاتر باج دەدات، کاتی خۆی ئێمە لە شاخ بووین و خەڵک لە شار باجەکەی دەدا و کیماباران دەکرا و گوندەکانی وێران دەکرا و ئەنفالکرا. بۆیە ئێستاش لەهەر حاڵەتێکدا خەڵکی هەژار باجەکەی دەدات. با بە هۆی رای جیاوازەوە هیچ لایەنێک پێی وانەبێت کە ریفراندۆم دەرمانی دەردەکانە و هیچ کێشەیەک نامینێت، ئەوەی دەڵێت نەخێر ئەویش پڕۆژەیەکی پێ نییە کە چارەسەری کێشەکان بکات".
ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەوەی پێویستە بە رێگا و شوێنی خۆی بکرێت ئەوا پێویستە هیچ لایەنێک ئەوەی دیکە تەخوین نەکات و بابەتی دەنگدان مافە و ئەرک نییە، ئەوەی کە رابەرایەتی ئەو پڕۆسەیە بکات دەبێت بە سنگفراوانییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەکە بکات و بەیانی ئەگەر تووشی هەر کێشەیەک بین ئەوا هەموومان باجەکەی دەدەین".
بڕیارە ئەم دیدارەی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و لە چوارچێوەیەدا بەرپرسانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانیش پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی دانوستان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم سەردانی شاری بەغدا دەکات و بڕیارە هەریەک لە سەرۆکوەزیران عەبادی و لایەنەکانی شیعە و سوننە و مەرجەعەکانی ئایینی ببینن و کۆبوونەوەش لەگەڵ باڵیۆزەکانی وڵاتان بکەن لە عێراق.
سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین (٤)
هەولێر-AA
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەشتی عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەدای حکوومەت نەیتوانیووە کارەکان بەرەو پێشەوە ببات.
سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر دیدارێکی بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی و ئاکادێمییەکانی هەرێمی کوردستان رێکخستووە کە لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.دەشتی عوسمان لە دیدارەکەدا گوتی: "لە رابردوودا حکوومەت بەرنامەی باشی نەبووە و سەرکەوتوو نەبووە لە کارکانی بۆیە پێویستە چاکی بکەین، کەس نازانێت بنەمای قانونی ئەو حکوومەتەی ئێمە چیە، ئەو یاسایانەی دامەزراوەی یاسادانان دەریدەکات دەسەڵاتی جێبەجێکار بە ئارەزووی خۆی جێبەجێیان دەکات یان بەشێکی جێبەجێکردووە و بەشێکی جێبەجێنەکردووە. ١٠٠ ملیار دۆلار لە بەغداوە ھاتووە و ٥٠ ملیار دینار داھاتی نەوتی ناوخۆ بووە، جیا لە داھاتی خاڵە سنوورییەکان، دەبینین بارودۆخ چۆنە".
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەشتی عوسمان گوتیشی: "حزبەکان وایان کردووە بە چاوێکی کەم سەیری پەرلەمان بکرێت لە مەکتەبی سیاسی بڕیار لەسەر پەکخستن و کارکردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت بە جۆرێک شکۆی پەرلەمان روشێندراوە، پارتی دەڵێت ھەموو دەستپێشخەریەکمان کردووە و مەرجمان نییە بەڵام ئەو دۆخە کێشەی لە پیشە ئەویش یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە. لە پێشدا دەبێت ئەو چارەسەر بکرێت، پرسی ریفراندۆم دەبێت بارودۆخی خەڵک چارەسەر بکرێت و مووچەی فەرمانبەران چاک بکرێت. زیاتر لە ساڵێکە داھاتی کوردستان بەشی چەند جارەی مووچە دەکات کەچی دەستکاری مووچە نەکراوە، بڕیارەکانی حکوومەت لەبارەی پێداچوونەوە بە مووچە و نەهێشتنی ناوی وەھمی لە لیستی مووچە خۆران و سیستەمی بایۆمەتری کاری پێنەکراوە".
سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین (٥)
هەولێر-AA
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم رایگەیاند کە هەرچەندە حوکمڕانی لە کوردستان نە دیموکراسییە و نە دیکتاتۆریە و نە ئیشتراکییە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەریفراندۆمەوە نییە لە ھەمانکاتیشدا بابەتی مووچە و گوزەرانی خەڵکیش پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە.
ئەندامی لیژنەی باڵای ریفراندۆم کە ھاوکات کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم لە دیدارەکەدا گوتی: "کەس لە مۆدێلی حوکمڕانی کوردستان ناگات بەڵام ئەمە بابەتێکی جیاوازە لە ریفراندۆم، کەس سەری لە حوکمڕانی لە کوردستان دەرناچێت مۆدێلی حوکمرانی لە کوردستان نە دیموکراسییە و نە دیکتاتۆریە و نە ئیشتراکییە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەریفراندۆمەوە نییە لە ھەمانکاتیش بابەتی مووچە و گوزەرانی خەڵکیش پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە، بەڵام دەبێت حکوومەت وەڵامی ھەبێت بۆ بژێوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و ئەو کێشانە چارەسەر بکات و پێویستە مووچە چاک بکرێت و دڵی خەڵک خۆش بکرێت".
خەلیل ئیبراهیم گوتیشی: "ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی میللەتێک، پێویستە جیاوازی بۆچوونەکانمان و تێبینییەکانمان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە بێت، دەبێت بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان لەسەرووی ھەمو بەرژەوەندییەکانەوە بێت، پێویستە ھەموو لایەکمان جددی بین لەسەر تێپەراندی ئەم دۆخە. بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئێمە پێشێلی ھیچ رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و ھیچ بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ ناکەین لەھەمان کاتدا نابین بە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڵکو پیادەی مافێکی رەوای خۆمان دەکەین ئەویش بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆمان، دووپاتی ئەوەش دەکەینەوە بۆ ھەموولایەک ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێت ھەمەو کاتێک دیموکراسی و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و سەقامگیری ناوچەکە لەژێر مەترسیدا دەبێت".
سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین (٦)
هەولێر - AA
لە تەوەری دووەمی دانیشتنەکەی سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین کە تایبەتە بە پرسی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمێنکی لە میانی بەشداریکردنی لە تەوەری قۆناغی دوای ریفراندۆم تاوەکو راگەیاندنی سەربەخۆیی، رایگەیاند کە لە عورفی دیپلۆماسییدا بەم شێوەیە نییە کە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمێنکی گوتی: "گشتپرسی بڕیاری گەلە و ئەزموونێک و مێژوویەکمان لەبەردەستە و ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە توانای ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیەمان هەیە، چونکە دەبێت ئەوە بزانین کە بارودۆخێکی تایبەتمان هەیە، دەبێت لەگەڵ گشتپرسی کیانێکی نوێ لەدایک بێت و ئەو کیانە نوێیە پەیوەندی بەوە هەیە کە ئەنجامەکانی گشتپرسی دانپێدانانە یاساییەکانی هەبێت. دەبێت ئەو ئەنجامانەی کە کۆمسیۆن رایدەگەینیت، لایەنی پەیوەندیداریش پابەند بێت پێی کە ئەویش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت ئەو رایبگەیەنێت، ئەمەش عورفێکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و راگەیاندنی سەربەخۆییە و شاراوا نییە و نابێت لە هیچ لایەک بترسی، چونکە لە عورفی دیپلۆماسی ئەوە نییە کە بەم شێوەیە رەفتار لەگەڵ ئێمە بکەن و داڕشتنی ئەو بنەمایانەش زۆر گرنگە کە بە چ شێوازێک دەیکەی، ئەو راگەیاندنە دەستوورییە گرنگە کە ئایا بەو دۆخە دەگەیت".
جەعفەر ئیمێنکی گوتیشی: "دەبێت ئێمە لەو راگەیاندنە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ بۆچوونی خۆیانی تیاداهەبێت و لایەنی بەرامبەر کێیە کە دان بەو گشپرسییە دابنێت و بەغدا ئیعتراف بە گشتپرسی بکات و ئەگەر دەستووری عێراق ئیعتراف بەم گشتپرسییە بکات، دەکرێت دۆخەکە بەم شێوازە سەیر نەکرێت کە قەدەر مومکیناتە و ئەوەی گرنگە تەرەفی ئێمەیە و دانپێدانانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کە ئەمە ئاسانترین بڕگەیە و ئێمە وای بۆ دەچین کە راگەیەنراوە نێودەڵەتییەکان هەموو شتێکە، بەڵام ئەوەی گرنگە سەیری نێودەوڵەیی بکەی ئەزموونی جیاواز هەیە و لەماوەی بیست و چوار کاتژمێردا، هەڵوێستەکانییان دەگۆڕێن و گرنگە لە روانگەی تێگەیشتنی خۆمان سەیری شتەکان بکەین، بۆیە بەدەستهێنانی دانپێدانانی کۆمەڵگای مەدەنی تەواوی هاوکێشەکان دەگۆڕێت".
هەولێر - AA
لە تەوەری دووەمی دانیشتنەکەی سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین کە تایبەتە بە پرسی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە تەوەری قۆناغی دوای ریفراندۆم تاوەکو راگەیاندنی سەربەخۆیی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت، رێبوار تاڵەبانی رایگەیاند کە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ کەرکووک ھیچ مانایەکی نابێت.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، رێبوار تاڵەبانی گوتی: "خەڵکی کەرکووک پرسیاری ئەوەیان لە لا دروست بووە کە بەشداری لە راپرسی بکەن و دەنگ بدەن بە بەڵی یان نەخێر چیان دەست دەکەوێت و بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێن و لەو روانگەیەشەوە بەراوردی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەن، چونکە لە رووی خزمەتگوزارییەوە حکوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە بەرامبەر کەرکووک، جیا لەوەی مادەی ١٤٠ ی جێبەجێنەکردووە، بۆیە ھەر ھەنگاوێک بۆ ئامادەکاری ریفراندۆم وەڵامێکی باش دەبێت بۆ خەڵکی کەرکووک".
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "ئەنجامدانی ریفراندۆم بە بێ کەرکووک ھیچ مانایەکی نابێت ، بۆیە دەبێت بەغدا بزانێت کە کەرکووک بەشێکە لە ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆم باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە حکوومەتی عێراق سەرجەم یاساکانی تایبەت بە کەرکووکی ھەڵپەساردووە و هیچ کارێکی نەکردووە لەم رووەوە، ئەو گەندەڵییەی لە عێراقدا ھەیە کە لە سەدا ٧٨ی نەوت دەفرۆشرێت و دەبینین کە دۆخی پارێزگاکانیش چۆنە، بۆیە گشتپرسی باشترین ھەلە کە خەڵک دەنگی خۆی بدات و بەم شێوەیە نەمینێتەوە".
رێبوار تاڵەبانی بە پێویستی زانی کە دڵنیایی بدرێتە پێکهاتەکانی کەرکووک بۆ رەوینەوەی ئەو ترس و دڵەراوکێیەی کە لە ئێستادا هەیە و کاریگەری کردووەتە سەر خەڵکی کەرکووک و لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە دڵنیایی ئابووری و سیاسیی و ئەمنی بدرێتە خەڵکی کەرکووک بۆ ئەوەی هیچ دڵەراوکێیەکیان نەبێت لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، دەبێت خەڵک لەوە دڵنیابێتەوە کە گشتپرسی چی بەدەست دەهێنێت و سەقامگیری ئەمنیی و مافی نەتەوەکان چۆن دەبێت، کە ئەو دڵنیاییە دروست بوو، بێگومان خەڵک بە بێ دوو دڵی بەشداری پڕۆسەکە دەکات".
رێبوار تاڵەبانی راشیگەیاند کە کاریگەری رووداوە تازەکانیش کاریگەری لەسەر دۆخی کەرکووک هەبووە، بە تایبەت ھاتنی داعش کە وایکرد ھەموو پێکھاتەکان تیم دروست بکەن و لەماوەی ٢٤ سەعاتدا، گرووپە چەکدارەکانی داعش لە کەرکووک وەدەربنێن".
ربێوار تاڵەبانی گوتیشی: "ئێستا خەڵک باسی دەنگدان بە نەخێر دەکات لە پڕۆسەی گشتپرسیدا، من نازانم ئەمە ئەجێندانی کام وڵاتە بەڵام دەبێت لە ھۆکارەکەی بکۆڵینەوە، بۆیە بە کۆی گشتی دەبێت دڵنەواییەک بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی کەرکووک لە رووی ئابووری و سیاسی، رەنگە تاکێکی کەرکووکی بترسێت بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ئەگەر لەوە دڵنیابێت ئەوا بێگومان دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەدات، دەبێت ئەوەش بزانین کە بە بێ کەرکووک گشتپرسی ھیچ مانایەک نادات و دەبێت بەغدا بزانێت کە کەرکووک بەشێکە لە ھەرێمی کوردستان".
سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر دیدارێکی بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی و ئاکادێمییەکانی هەرێمی کوردستان رێکخستووە کە لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
بڕیارە ئەم دیدارەی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لە هەوڵێر بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و لە چوارچێوەیەدا بەرپرسانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانیش پرسی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

