سلێمانی
لە بارەگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاش چەندین مانگ دوا كەوتن و چەندین كۆبوونەوە دواجار یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە و دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی هەردوو پارێزگە.
رێككەوتنەكە بە ئامادەبوونی شاندی باڵای هەردوو لایەن ئیمزا كرا كە شاندی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و ئاكۆ محەمەد و ئاسۆ رەحیم و محەمەد حاجی و هەڤاڵ ئەبووبەكر و شاندی یەكێتیش پێكهاتبوون لە حاكم قادر حەمەجان و سەعدی ئەحمەد پیرە و شۆڕش ئیسماعیل و لەتیف شێخ عومەر و د.ئاسۆ فەرەیدون.
رێككەوتنەكە لە 12 خاڵ پێكهاتووە كە تێدا وردەكاری دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و جێگرەكانیان و سەرۆكی ئەنجوومەنەكان و جێگرەكانیان و قایمقامەكانی ناوەند و بڕیاردەری پارێزگاكان و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان كە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا دابەش كراوە، هاتوونەتە بەرباس.
لە خاڵی سێهەمی رێككەوتنەكەدا هاتووە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دوو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون دەبێت و لە بەرواری (11-12-2014) دەستبەكار دەبێت وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی تا بەرواری (9-8-2016) و كاندیدای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی دووەمی پۆستی پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبووبەكرە و لە بەرواری (10-8-2016) دەبێتە پارێزگاری سلێمانی هەتا (30-4-2018) وادەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
هەر لە رێككەوتنەكەدا هاتووە كە هەتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجێیی قەزا و ناحیەكان پۆستەكانی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دادەنرێن.
لە درێژەدا هاتووە كە گۆڕانكاری لە بەڕێوەبەرەكانی پۆلیسدا دەكرێت بەپێی رێككەوتنی پێشوەخت لە نێوان هەردوولا وئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش هەڵدەستێت بە پێداچوونەوە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكاندا بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری تیایاندا بەپێی رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان.
لە خاڵی كۆتایشدا كە خاڵی 12ی ڕێككەوتن نامەكەیە هاتووە كە ئەم رێككەوتنە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەخوێنرێتەوە و پەسەند دەكرێت و ئەنجوومەنی پارێزگا و حكوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پاش ئیمزاكردنی رێككەوتننامەكەی نێوانیان هەریەك لە ئەندامی شاندی دانووستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەتیف شێخ عومەر و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڤاڵ ئەبووبەكر رێككەوتنەكەی نێوانیان راگەیاند و گوتیان هەرچەندە ماوەیەك دواكەوتین تا رێككەوتین بەڵام بەسوودی هەموو لایەنەكان و خەڵكی پارێزگاكە شكایەوە و توانیمان بەم رێككەوتن و پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوان بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مۆدێلێكی نوێ لە حكومڕانی بێنینە ئاراوە كە تیایدا هەموو لایەنەكان وەكیەك بەپێی هەق و مافی بەدەستهاتوویان لە هەڵبژاردنەكان بەشدار دەبن و هەمووان پێكەوە لە خزمەتی خەڵك و شارەكاندا دەبین.
سوپاسی لایەنە براوەكانی تری نێو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیشیان كرد كە ئەو ماوە زۆرە چاوەڕوانی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتییان كرد و گوتیان ئێمە بێلایەن دەبین تا خۆتان رێكدەكەون.
شێخ لەتیف گوتی: "ئێمە وەفامان بۆ ئەو هەڵوێستەیان دەبێت و لە زووترین كاتدا لەگەڵیان كۆدەبینەوە و بەپێی هەق و مافی خۆیان بەشدارییان پێ دەكرێت لە پۆستە ئیدارییەكانی هەردوو پارێزگاكەدا".
لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵوشدا دەربارەی ئەوەی ئایا وردەكاری رێككەوتنەكەتان لەسەر پۆستەكان و چۆنیەتی دابەشكردنەكەی چۆنە؟ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر گوتی: "رێككەوتنەكەی ئێستامان رێككەوتنێكی سیاسییە و پێویستە وەربگێڕدرێت بۆ ڕێككەوتنێكی یاسایی و ئیداری ئەوەش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە 11ی مانگدا دەكرێت".
گوتیشی: "بەپێی رێككەوتنەكە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەلایەن یەكێتییەوە بەڕێوە دەبرێت و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەلایەن گۆڕانەوە بەڕێوە دەبرێت".
لە قایمقامەكان یەكێتی پێنج قایمقامی بەردەكەوێت و گۆڕانیش بە قایمقامی سلێمانییەوە پێنج قایمقام وەردەگرێت و 3 قایمقامیش بۆ لایەنەكانی تر دانراوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 17 بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێت و گۆڕان 18 و لایەنەكانی تریش 7 و پۆستی بەڕێوەبەرەگشتیەكانیش یەكێتی و گۆڕان هەریەكەیان 11 بەڕێوەبەریان بەردەكەوێت و لایەنەكانی تریش 5 بەڕێوەبەر.
دەربارەی پۆستەكانی پۆلیسیش هەڤاڵ ئەبووبەكر گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان پشكی خۆی دەبێت".