Zana Natık Kerem
12 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2017
سەرۆکی هاوپەیمانی موتەحیدوون بۆ چاكسازی، ئوسامە نوجێفی بە ئامانجی رزگاركردنی وڵات بە هاوكاری لەگەڵ هێزە سیاسییەكان، پارتی (للعراق متحدون) ی راگەیاند و هەروەها بەپێی دەستووری عێراق داوای دامەزراندنی هەرێمەكانی كرد بۆ پارێزگاكان و داوای دەركردنی پەكەكەی كرد لە ناو خاكی عێراق.
لە كۆنگرەییەكی رۆژنامەوانیدا كە لە شاری هەولێر سازی كرد و ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا ئامادە بوو، ئوسامە نوجێفی گوتی: "پارتی (للعراق متحدون)مان پێكهێناوە بە ئامانجی رزگاركردنی وڵات بە هاوكاری لەگەڵ هێزە سیاسییە گەورەكان".
سەرۆکی هاوپەیمانی موتەحیدوون گوتیشی: "پارتەكەمان چوارچێوە یاساییەكەی تەواو دەكات و لە ئێستایشدا هەندێك لایەنی سیاسیی پێشنیازی بەستنی هاوپەیمانییان لەگەڵماندا كردوو كە لەوانەیە بەر لە هەڵبژاردنەكان لەسەری رێكبكەوین".
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر بوونی پەكەكە لە شنگال، ئوسامە نوجێفی گوتی: "هەر دەستێوەردانێك لەلایەن گرووپە چەكدارەكان یان میلیشیاكان یان گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك پەكەكە، یان خۆ سەپاندن بەسەر ئیدارەی وڵاتێكی دیكە قبوڵ ناكەین و دوای كۆنتڕۆڵكردنەوە، دەبێت رێز لە ئیرادەی پارێزگای نەینەوا بیگرێت".
ئوسامە نوجێفی گوتیشی: "بە هیچ شێوەیەك بوونی پەكەكە لە نەینەوا قبوڵ ناكەین و پێویستە لە خاكی عێراق دەربكرێت، چونكە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت و هەروەها دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە و دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆ".
سەرۆکی هاوپەیمانی موتەحیدوون باسی لەوەشكرد كە دامەزراندنی هەرێمەكان لە عێراق مافێكی دەستوورییە و گوتیشی: "ئێمە هەوڵدەدەین هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پێكبهێنین".
ئوسامە نوجێفی راشیگەیاند كە پێویستە میلیشیاكان لە مووسڵ بكشێنەوە و گوتی: "دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت لە كوشتنی خەڵكی سڤیل لە مووسڵ ".
لە كۆتایی قسەكانیدا ئوسامە نوجێفی گوتی: "ئەوانەی بوونە هۆكاری كەوتنی مووسڵ و کەوتنە ژێر دەستی داعش، دەبێت دادگایی بكرێن".