واشنتن
سەرۆکی ئەمریکا جیۆ جۆنسۆن ی وەکو وەزیری ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی ناساندو سوپاسی جانێت ناپۆلیتۆن وەزیری پێشووی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا کرد لەپای ئەو چوار ساڵ و نیوەی وەزارەتەکەی بەڕێوە برد.
ئۆباما جۆنسۆنی وەکو کەسێکی "شایستەو گونجاو" بۆ وەزیری ئاسایشی ناوخۆ وەسفکرد گوتی: "جۆنسۆن دەزانێ لەئەرکەکەیدا روو بەڕووی زەحمەتی زۆر دەبێتەوە، ئەرکێکی گرنگ دەگرێتە ئەستۆ و کەسێکی شیاوە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی ئۆباما گوتی: "ھەموو کاربەدەستانی حکومەت دەزانن جۆنسۆن یاریزانێکی تیپەکەیە، جۆنسۆنیش چاک دەزانێ ئەمریکا بەچ زەحمەتییەکدا تێپەڕ دەبێ و ھەڕەشەکان لەکوێدان. وەکو پارێزەرێکی پایەبەرزی پنتاگۆن، جۆنسۆن ھاوکار بوو لە داڕشتنی چەند پلانێک بۆ تەفروتوناکردنی رێکخراوی ئەلقاعیدە."
جیۆ جۆنسۆن لەبارەی کاندیدکردنی بۆ ئەو پۆستە سوپاسی سەرۆک ئۆبامای کرد و گوتی: "بەدوای دەرفەتێکی وەھا دەگەڕام، لە ساڵی رابردوو دوای ئەوەی لە حکومەت جیابوومەوە بە پارێزەری و ژیانی تایبەتم خەریکبووم. بەڵام کاتێ پێشنیاری ئەو ئەرکەیان خستە بەردەمم رەتمنەکردەوە."
جۆنسۆن لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئۆباما وەکو مافناسێک لە ئاستێکی بەرزدا لە پنتاگۆن کاری کرد. لە سیاسەتی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو.
بۆ ئەوەی جۆنسۆن وەکو وەزیر دەستبەکاربێ، پێویستە ئۆباما رەزامەندیی ئەنجومەنی سێنات بەدەست بێنێ.