قاهیره
رێكخستنی ئیخوان موسلمین لە میسر رایگەیاند كە لەسەدا 65ی ئەندامانی سەركردایەتیەكەی گۆریوە.
لەو بارەیەوە، ئەحمەد عەبدرەحمان، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەندامانی ئیخوان موسلمینی میسری لەدەرەوە، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "لە تەواوی وڵاتدا هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتیمان تەواو كردووە. تەواوی ئەوانەشی هەڵبژێردراون لەو كەسانە پێك دێن كە لە دەرەوەی گرتووخانەكانن".
عەبدرەحمان، باسی لەوە كرد كە هەندێ لە سەركردەكان ئەوانەن كە لە گرتووخانەكاندا زیندانی كراون، بڕیاری لەسیدارەدانیان بۆ دەركراوە، گوتیشی: "سەعید عەبدرەحمان، سەركردەی ئیخوان لە پارێزگای فەیوم باشووری قاهیرە حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە. لە بری ئەو و ئەوانەی حوكمی هاوشێوەی ئەویان بۆ دەركراوە سەركردەی نوێ هەڵبژێردراوە. ئەو سەركردانەی دیاری كراون هەموو كەسانی گەنجن و تێكڕا تەمەنیان لەدەوروبەری 40 ساڵیدایە. بە ئیزنی خوا لە كاتێكی كورتدا دەگەین بەو ئامانجانەی دیاریمان كردوون".
عەبدرەحمان ئەوەشی خستەڕوو كە رێكخستنی ئیخوان موسلمین، لە سەرەتای ئەم مانگەوە گۆڕانكاری ئەندامانی سەركردایەتی و گواستنەوەی یەكەكانی بەڕێوەبردنی رێكخستنەكەیان بۆ دەرەوەی وڵات ئاشكراكردووە، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە نووسینگەی دەرەوەی وڵاتەوە بەردەوام دەبن لە دژایەتی كردنی ئەو حكوومەتەی بە كودەتا هاتۆتە سەر دەسەڵات.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەندامانی ئیخوان موسلمینی میسری لەدەرەوەی وڵات، باسی لەوەش كرد كە لە ئەنجامی ئەو كارانەی دوو مانگ پێش ئێستا لە دەرەوەی وڵات ئەنجامیانداوە، ئەنجوومەنی رابەرایەتی ئیخوانیان تەواو كردووە كە لە 11 كەس پێكدێت. گوتیشی: "عامر دەراج بۆتە بەرپرسی سیاسی ئیخوان، هەروەها یەحیا حامید بۆتە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە".
لەوەتەی محەمەد مورسی سەركۆماری میسر بە كودەتایەكی سەربازی لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە لە 3ی تەمووزی 2013ەوە ، ئەمە بۆ یەكەمجارە ئیخوان موسلمین بڵاوكراوە لە تەلەفزیۆندا بڵاودەكاتەوە.