بە گوێرەی لێدوانێكی نووسراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل دووەم تاقیكردنەوەی مووشەكی Arrow٣ كە لەلایەن ئاژانسی بەرگری ئەمریكا لەدژی ھێرشی مووشەكی مەودا ناوەند دروستكراوە بە سەركەوتوویی ئەنجامدا.
لە لێدوانەكەدا ھاتووە كە تاقیكردنەوەی دووەم لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست ئەنجامدراوە، لەو شوێنەی مووشەكەكە ھەڵدراوە تا گەیشتۆتە شوێنی مەبەست تاقیكردنەوەكە سەركەوتوو بووە.
ئیسڕائیل ھەوڵ دەدات لە رێگای مووشەكی Arrow٣ سیستەمی بەرگری خۆی لەدژی مووشەكی مەودا ناوەندی بالیستی پێشبخات بۆ ئەمەش داوای لە ئەمریكا كرد ھەندێك تایبەتمەندی تر بۆ ئەو جۆرە مووشەكە زیادبكات. دروستكردن و پێشخستنی ئەو مووشەكەش لەلایەن ھەردوو كۆمپانیای ئاسمانی ئیسڕائیل و پیشەسازی ئاسمانی ئەمریكی كراوە.
لەمبارەیەوە بنیامین نەتانیاھۆ لەكاتی سەردانی ھەرسێ سیناتۆری ئەمریكی جۆن مەكین، لینداسی گراھام و جۆن بارراسۆ بۆ قودس سوپاسی ھاوكاری حكوومەتی ئەمریكای كرد.
نەتانیاھۆ لەوبارەیەوە گوتبووی: "لەو ناوچەیە پێویستمان بە بەرگری زیاتر لەخۆمان ھەیە، چونكە چەندین رژێمی خراپ ھەیە كە ئێران پێشڕەویان دەكا. لە رێگای ئەو وەكالەتەی دراوە تیرۆریستان، بە مووشەك ئیسڕائیل بۆمباران دەكەن. بۆ ئەمە پێویستیمان بە Arrow٣ هەیە."