جنێڤ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (عەلی لاریجانی) رایگەیاند: ئێران بە کۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپی ١+٥ کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو ببەسترێ، گەشبینە.
عەلی لاریجانی سەبارەت بە قەیرانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گوتی "دەسەڵاتی نوێی ئێران رێبازێکی نوێی ھەیە و دەیەوێ کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێ".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی یەکێتیی پەرلەمانەکانی جیھان سەردانی جنێڤی کردبوو راگەیاند: ھەڵبژاردنی رێبازی سیاسی بۆ چارەسەری قەیرانی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتانەی تا ئێستا ھەڕەشەیان لە ئێران دەکرد، گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ و باشە.
ھەروەھا گوتی "ئەو وڵاتانە پێشتر دەیانویست بە ھەڕەشەکردن، ئێران ناچار بکەن واز لە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی بھێنێ، بەڵام ئێران مافی خۆیەتی درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی بدا، چونکە بەرنامەکەی بۆ ئامانجی ئاشتییانەیە".
عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوەدا ئێرانیش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی ھاوڕایە کە بۆمبی ئەتۆمی چەکێکی ماڵوێرانکەرە.
لاریجانی باسی بارودۆخی میسری کرد و رایگەیاند: ئێران لە رووداوەکانی میسر نیگەرانە و پشتگیری لە ئەزموونی دیموکراسی لەو وڵاتە دەکا.