Azad Muhammad
06 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2016
پارێزگارى پێشووى نەینەوا ئەسیل نوجێفى کە هاوکات فەرماندەى هێزەکانى حەشدى نیشتمانییە، لەبارەى رۆڵى تورکیا لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ لە لێدوانێکى بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "تورکیا وەک وڵاتێکى درواسێ رۆڵێکى گرنگ و کاریگەریی دەبێت لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ، هەوڵ و هاوکارییەکانى ئەو وڵاتە زۆرباش و پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش، باوەڕم وایە ئەو رۆڵەى تورکیا هەڕەشەى لەناوچوون لەسەر دانیشتووانى مووسڵ کەمتر دەکاتەوە".
نوجێفى هەروەها راشیگەیاند: "هاوکارییەکانى تورکیا پێکدێن لە هاوکاریی سەربازیى و مرۆیى. لە رووى سەربازییەوە لە رێى راوێژکارانی سەربازییەوە ئەرکى مەشق و راهێنانی سەربازیى هێزى حەشدى نیشتمانییان لەئەستۆ گرتووە. هەروەک هەمان رۆڵییان بۆ هێزەکانى پێشمەرگەش هەیە. لە رووى مرۆییشەوە لە دابینکردنى پێداویستییەکانى نێو سەربازگەکە پاڵپشتیمان دەکەن تاوەکو سەربکەوین لە شەڕى دژی تیرۆریستان".
سەبارەت بە رۆڵى تورکیا دواى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ گوتى: "پێم وا نییە دواى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ و رزگارکردنى ئەو شارە لە دەست داعش تورکیا هاوشێوەى ئێستا رۆڵى لە ناوچەکەدا هەبێت چونکە بابەتەکە پەیوەستە بەبوونى ئاسایشى نەتەوەیی، تا مووسڵ لە دەست تیرۆرستانى داعشدا بێت هەڕەشە لەسەر ناوچەکە و تورکیاش. بۆیە تورکیا لەو هەوڵەدایە هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر لەسەر ناوچەکە و تورکیا نەهێڵێت".
لەبارەى شەڕى سەنتەرى پارێزگاى نەینەوا لە نێوان هێزی سیاسى و سەربازییەکانەوە گوتیشى: "بەڕاستى پێش کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ پێویستییمان بە رێککەوتنە، دەبێت رێکبکەوین لەسەر بەڕێوەبردنى ئۆپەراسیۆنەکان و هەروەها تێگەیشتنێکى قووڵ لە نێوانماندا هەبێت و گەرەنتییەکانى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ بەردەست بکرێن، پێش دەستپێکردنى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن بۆ نێو شارەکە".
پارێزگارى پێشووى نەینەوا ئەسیل نوجێفى دەربارەی رۆڵى ئێران لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ دەڵێت: "مووسڵ شارێکى هەستیارە بۆ ئێران. هەرچەند وڵاتێکى دراوسێیە بەڵام بەهۆى ناکۆکى مەزهەبیى و کاریگەریى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان ئێران و عێراق ئەو وڵاتە ناتوانێت ڕۆڵى گرنگ و بەرچاو ببینێت لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵدا چونکە هاووڵاتییانى مووسڵ دژى دەستێوەردانى ئێرانن لە کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکەیان و ئەمەش جیاوازى نەتەوەیى و مەزهەبى لە ناوچەکە زیاتر دەکات".
سەبارەت بە بەشداریکردنى هێزى پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوە مووسڵ زیاتر دوا و گوتی: "بێگومان هێزەکانى پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەى هەندێک شوێن لە سنوورى مووسڵ بەشدار دەبن بەڵام بۆ بەشداریى هێزى پێشمەرگە لە شەڕى ناوەندی شار و شەڕى کۆڵان بەکۆڵان لە شارەکە تا ئێستا هێچ بڕیارێکمان لەوبارەیەوە وەرنەگرتووە. پێموایە رۆڵى پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ گرنگە چونکە لە ئێستادا تاکە هێز کە لە مووسڵ نزیک بووبێتەوە هێزى پێشمەرگەیە. بەشداریى پێشمەرگە تا سنوورى پارێزگاى نەینەوا دەبێت کە چەند ناوچەیەک لەو سنوورە هەن بە هەماهەنگى کۆنترۆڵ دەکرێنەوە".
ئایا دواى بەشداريکردنى پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ، کورد ئەو مافەى هەیە داواى بەرەى راستى مووسڵ بکات؟ لە وەڵامدا ئەسیل نوجێفى دەڵێت: "لە ئێستادا هیچ دیار نییە، ئەو باسە دەگەڕێتەوە بۆ کاتى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنەکان و ئازاد کردنى ناوچەکان لە چنگ تیرۆریستانى داعش. ئینجا باس لە نەخشەى نوێى ناوچەکە بکەین و پەیوەندییەکانمان لەو ئاستەدایە کە بتوانین لەسەر مێزى گفتوگۆ ئەو کێشانە بخەینەڕوو و چارەسەریشیان بکەین، بێ ئەوەى خەڵک تووشى نائومێدى بکەین، بەبێ ڕوودانى هیچ بارگرژیى و ئاڵۆزییەک لە نێوانماندا".
ناوبراو ئاماژەى بۆ رۆڵی حەشدى شەعبى کرد لە سنوورى شارى مووسڵ و گوتى: "هێزەکانى حەشدى شەعبى لە دوورى زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە شارى مووسڵ جێگیر بوون. بۆیە هێزەکانیان ناتوانن هەروا بەئاسانى لەو ماوە دوور و درێژە بپەڕنەوە. پێموایە ناتوانن لە کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ بەشدار بن".
پارێزگارى پێشووى نەینەوا ئەسیڵ نوجێفى لە ئایندەى مووسڵى دواى داعش دەڕوانێت و دەڵێت: "پاش کۆتاییهاتنی شەڕى داعش و پاککردنەوەى شارەکە لە چەکدارانى داعش و پاشماوەکانیان، کار بۆ بەهەرێمبوونى پارێزگاى نەینەوا دەکەین. کە ببێتە هەرێمێکى سەربەخۆ لەگەڵ هەرێمى کوردستان دراوسێیەکى ستراتیژ و باش بین بۆ ئەوەى بتوانین ژیانێکى شایستە بۆ خەڵکى شارەکە بگەڕێنینەوە و هەروەها لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکانمان بە هاوسەنگى رابگرین".