هەولێر
نوجێفی سوپاسی توركیای كرد بۆ یارمەتییدانی هێزەكانی رزگاركردنی مووسڵ و گوتی:"لەگەڵ عەبادی رێككەوتین حەشدی شەعبی بەشداریی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ نەكات".
پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر دواین زانیاریی لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ گرتنەوەی نەینەوا و بە تایبەتی شاری مووسڵ و دەرهێنانی لە دەستی داعش كرد و سەردانەكەی دوێنێ دووشەممەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بە سەرەتای دەستپێكردنی ئامادەكارییە كردەییەكان دانا.
نوجێفی لەو بارەیەوە ئەوەی ئاشكراكرد كە سوپای عێراق، حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی مووسڵ، هێزی پێشمەرگە، هاوپەیمانان ئەو چوار هێزەن كە بەشداریی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دەكەن، بێ ئەوەی هیچ سەربازێكی بیانی بەشداری لەو شەڕەدا بكات، ئەو گوتی: "سەردانەكەی دوێنێی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكی هەرێم سەرەتای راگەیاندنی دەستپێكی ئامادەكارییە كردەییەكان بوو بۆ رزگاركردنی نەینەوا، ماوەیەكە پلانی عێراقی بۆ رزگاركردن دانراوە، هاوكات لەگەڵیشی هێزی پێویست بۆ ئەو كردەیە لە سوپای عێراق و چەندین فیرقەی سەربازیی رێكخراو پێكهێنران و لەلایەن پسپۆڕانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پڕچەك كراون و مەشقیان پێكراوە و ئێستا ئەو هێزانە بۆ كردەی سەربازیی رێكخراو ئامادەن".
گوتیشی: "هەروەها هێزی پارێزگای نەینەوا كە لە پۆلیس و حەشدی نیشتمانی پێكدێن لەسەر دەستی هێزەكانی هاوپەیمانان مەشقیان پێدەكرێت، بەڵام هێشتا وەكو پێویست پڕچەك نەكراون و بەردەوامین لە پڕچەككردنییان، لە كاتێكدا لایەنی سێیەم كە هێزی پێشمەرگەیە لە سەركەوتنەكانی بەردەوامە و توانیویەتی لە چەندین شوێن بگاتە دووریی تەنها 15 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە، هەرچی لایەنی چوارەمە كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە كە زۆر یەكلاكەرەوە و ورد بوون لە هێرشەكانییان و توانیویانە سەركەوتووبن لە بڕینی گەیاندنی یارمەتییەكان بۆ داعش و لەناوبردنی زۆرێك لە سەركردەكانییان".
لەبارەی ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبادیشەوە نوجێفی گوتی: "سەردانەكەی سەرۆكوەزیران و هەردوو وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و دیدارییان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەركردە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ تەواوكردنی پلانی كۆتایی سەربازی بوو بۆ رزگاركردنی مووسڵ و رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی رۆڵی ئەو هێزانە هەریەك بە پێی رۆڵ خۆی و لە پێگەی خۆیەوە، لەو كۆبوونەوەیە رێككەوتین كە رۆڵی سەرەكی بدەینە سوپای عێراق لەو میحوەرانەی كە لەسەری رێككەوتووین، هەروەها هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی نیشتمانی و رۆڵەی عەشیرەتەكان لە میحوەری دیكەوە رۆڵیان دەبێت بەپێی سروشتی دانیشتووانی ئەو ناوچانە".
پارێزگاری مووسڵ لەبارەی بەشداریكردن و نەكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی باسی لەوەكرد كە لە سەرەتاوە ئەوەیان رەتكردووەتەوە و لەبارەی هەڵوێستی عەبادیشەوە گوتی: "دوێنێ رێككەوتن لەسەر بەشداریی نەكردنی حەشدی شەعبی پارێزگاكانی دیكە لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ، حەشدی شەعبی لە رزگاركردنی موسڵ بەشدار نابێت و سەرۆكوەزیران لەوبارەیەوە زۆر روون بوو، هەروەها رای هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ بەشداری كردنی ئەو هێزانە لەو شەڕە نییە".
نوجێفی ئەوەشی باسكرد كە لەو كۆبوونەوەیاندا باسی بارودۆخی دوای رزگاركردنی موسڵیشیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردووە و گوتی: "دوای رزگاركردنی مووسڵ تەنها حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی مووسڵ لەسەر خاك دەبن و ئەو هێزانەی نەینەوا پارێزگاكە دەپارێزن".
لەبارەی رەوشی داعش بە پێی قسەكانی ئەو بێت داعش هیچ توانایەكی رووبەڕووبونەوەی ئەوتۆیان نابێت و بەتەنها داعش بۆ شەڕكردن پشت بە هاووڵاتییان دەبەستێت ئەویش لەرێگەی قۆستنەوەی هۆكاری تایفی كە بە قسەی نوجێفی لەبەر ئەمەیە نایانەوێت حەشدی شەعبی بەشداریی لەو شەڕە دابكات.
نوجێفی گوتیشی: "كە بەشێك لە میلیشیاكانی نێو حەشدی شەعبی خودی حكوومەتی عێراقیشیان تووشی سەرئێشە كردووە و بە دەوڵەتی نێو دەوڵەت ناوی بردن كە فەرمان لە دەوڵەت و دەزگا رەسمییەكان وەرناگرن و لە دەرەوەی یاسان".
پارێزگای مووسڵ لە درێژەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا كە لە بارەگای خۆی لە گوندی ئینگلیزی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی گوتەبێژ بەناوی حەشدی نیشتمانی مەحموود سورچی ئەنجامیدا گوتی: "هەرێمی كوردستان هیچ مەرجێكی بۆ بەشداری كردن لە شەڕی مووسڵ نییە، روونیشیكردەوە "هەرێمی كوردستان هیچ مەرجێكی بۆ بەشداریكردن لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ نییە، بە پێچەوانەوە دوێنی سەرۆكی هەرێم و سەركردەكانی سووربوون لەسەر یارمەتیدانی خەڵكی نەینەوا بۆ رزگاركردنی ئەو شارە، سەركردەكانی هەرێم زۆر لەوە بە ئاگاترن و هەڕەشەكان بۆ سەر هەمووانە و ئەگەر داعش لە مووسڵ بمێنێتەوە ئەوا هەڕەشەیە بۆ هەرێمیش، بەڕاستی سەلماندیان ئەوان برای راستەقینەی ئێمەن".
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رۆڵی توركیا لە شەڕی گرتنەوی مووسڵدا ئەسیل نوجێفی گوتی: "توركیا یەكێكە لە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و لەو ئەركە دەبێت كە وڵاتانی هاوپەیمانانان بۆی دیاری دەكەن، بەڵام هیچ هێزێكی بیانی بەشداریی ئەو كردەیەی رزگاركردنی موسڵ ناكات لە نێویاندا هێزی توركیا".
لەبارەی یارمەتییە سەربازییەكانی توركیاشەوە نوجێفی گوتی: "هێشتا لە توركیاوە هیچ چەكێكمان پێنەگەیشتووە، بەڵام چەندین مەشقكاری توركیا لێرە مەشق بە هێزە تایبەتەكانمان دەكەن، هەروەها هەندێك كەرەسەتە و كەلوپەلی سەربازییمان لە توركیاوە پێگەیشتووە و هەر ئەو وڵاتەش رۆڵی هەبوو لە ئامادەكردنی سەربازگە بۆ هێزەكانمان، هاتنی چەك لە توركیاوە لەرێگەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دەبێت".
پارێزگاری مووسڵ گوتیشی" ئێمە سوپاسی حكوومەتی توركیا دەكەین بۆ یارمەتیدانی ئێمە بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی، توركیا دەیەوێت لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی مامەڵەی نێودەوڵەتی بكات و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێت و هاوكارییمان بكات، ئەوە جێگەی رێزە".
پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وەزیری بەرگری پێراگەیاندووە لە چەند رۆژی داهاتوو چەكی دیكە رەوانەی سەربازگەكانی رزگاركردنی مووسڵ دەكرێت و گوتی: "ئەو چەكەی لە بەردەستیاندایە چەكی سووك و مام ناوەندن و بۆ شەڕی كۆڵان و شەقام دەستدەدات، گوتیشی چەكی زیاتریان پێویست دەبێت بەتایبەت لە چوونە نێو مووسڵ خەڵكێكی زۆریان لە دەور كۆ دەبنەوە و پێویستیان بە چەك دەبێت بۆ شەڕ لە دژی داعش".
نوجێفی لە كۆتایی قسەكانیدا پەیوەندییەكانییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەركردەكانی بە" زۆر باش" ناوبرد و گوتی: "هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ یەكتر نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact

