واشنتن
دوای هەنگاوی یەكەمی رێككەوتنی ئیدارەی ئۆباما و گرووپی 1+5 لەگەڵ ئێران، بۆ تاقیكردنەوەی پڕۆسەی كەناڵی دیپلۆماسی بۆ ماوەی شەش مانگ، ئەمریكا هەوڵیدا كۆنگرێس رازی بكا تا هیچ بڕیارێكی دیكە لەدژی ئێران دەرنەكا.
پڕۆژە یاسایەك كە لەلایەن هەردوو سیناتۆر رۆبەرت مەنەندێز و مارك كریك پێشنیازكراوە و 13 سیناتۆری دیموكرات و 13 سیناتۆری كۆماری واژۆیان كردووە بەناوی (ئێرانێكی بێ چەكی ناوەكی) ئامادەكرا.
ئامانجی پڕۆژە یاساكە ئەوەیە گەر ئێران رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ گرووپی 1+5 پێشێل بكا یان دوای ماوەیەكی درێژ هەردوولا نەگەیشتنە رێككەوتن سزای نوێ بەسەر ئێران بسەپێنرێ.
ئەو رێوشوێنانەی لە پڕۆژە یاساكەدا هاتووە، دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی ساڵێك كڕینی نەوتی ئێرانی بایكۆت بكرێ. جگە لەوە پڕۆژە یاسایەكە دەڵێ پێویستە ئێران لە بواری كانزا، ئەندازیاری و كەرتی دروستكردنی رێگا و بان بكەوێتە ناو لیستی رەش.
پڕۆژە یاساكە داوا لە باراك ئۆباما دەكا مانگانە دەربارەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران كۆنگرێس ئاگادار بكاتەوە و بە گوێرەی ئەو سیناتۆرانەی پشتگیری لەو پڕۆژە یاسایە دەكەن، ئەو پڕۆژەیە خزمەت بە گەیشتنە رێككەوتن دەكات.
رۆبەرت مەنەندێز، كە یەكێك لە داڕێژەرانی ئەو پڕۆژە یاسایەییە گوتی:" سزاكان ئێرانیان هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ، پڕۆژە یاسای ئەمجارەش لە دواڕۆژ هەڕشەیەكە بۆئەوەی ئێران هاوكار بێ لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی."
هەر لەوبارەیەوە سیناتۆر مارك كیرك پێیوایە ئەو پڕۆژە یاسایە گارانتیە لەبەرامبەر سیاسەتی هەڵخەڵەتێنەری ئێران.
هەر لەمبارەیەوە گوتەبێژی كۆشكی سپی جای كارنی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، رایگەیاند ئێستا كاتی ئەوە نیە كۆنگرێس ئەو پرۆژە یاسایە لە دژی ئێران دەربكا، گەر ئێران ئەو رێككەوتنە كاتیەی جێبەجێ نەكرد یان لەو قۆناغە رێككەوتنێكی ریشەیی بەرفراوان واژو نەكرا، ئەوە لەگەڵ كۆنگرێس زۆر بەخێرایی و بە ئاسانی سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنین.
كارنی هەروەها گوتی:" دەبێ ئێستا خۆمان لەهەر كردەوەیەك بەدوور بگرین ببێتە هۆی ئەوەی ئاستەنگ لەبەر هەوڵە دیپلۆماسیەكان دروستبێ. ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند بكرێ، لەلایەن باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكاوە ڤیتۆ دەكرێ. "