Hemin Hüseyin
12 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2018
هەولێر-AA
جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە دوای بۆردوومانی بارەگاکانی حیزبەکەیان لە شاری کۆیە، چەند تیمێکی بیانی سەردانی شوێنەکەیان کردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، ناشیشارێتەوە کە ئەوان غافڵگیربوونە لە رووداوێکی لەو شێوەیە، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئێران یەکەمجارە بەم جۆرە سەروەریی خاکی عێراق ببەزێنێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی نێودەوڵەتییە.
جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران هەمیشە ئامرازی توند و هێرشی تیرۆریستی بەرامبەر ئێمە بەکارهێناوە، چەند مانگێکیش بوو بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی بە ئاشکرا هەڕەشەیان دەکرد کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانمان تەنانەت لەناو قوڵایی هەرێمی کوردستان، ئێمەش فێربووینە کە لەبەرامبەر ئەو جۆرە مەترسییانە رێککاری پێویست بگرینەبەر بەڵام رەنگە پێشبینی ئەوەمان نەکردووە کە لەم کاتەدا بەو ئامرازە قوڕەسەی هێرش بکاتە سەرمان، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەیارانی خۆیدا کە لە دەرەوەی سنوورەکانی بەشێوەیەکی وا قورس زەبر لە هێزێکی نەیاری خۆی دەوەشێنێت، بۆیە تا رادەیەک دانی پێدادەنێم کە لەوبارەوە غافڵگیربووین".
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە گوایا ئەم مووشەکانە لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابن، ئاسۆ حەسەن زادە گوتی: "ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان بەدەسەتەوەنییە کە ئەو مووشەکانە لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابێت، ئێمە پشت بەو گرتە ڤیدیۆیانە نابەستین، بۆخۆمان کەسانی پسپۆڕ و لێزانمان هەیە و سووودمان لە هەندێک پسپۆڕی سەربازیی بیانی وەرگرتووە بۆ دۆزینەوەی لێدانی سەربازی ئەو گورزە لە ئێمە، زیاتر دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵە کە ئەم مووشەکانە لەناو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابێت".
ئاسۆ حەسەن زادە سەرنجی بۆ هەواڵێکی بەپەلە راکێشاین و گوتی: "هەر ئیستا کۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە کە ئەگەر ئێمە جموجۆڵی سەربازی رانەگرین ئەوا ئەوان بەردەوام دەبن لە هێرشەکانییان، بێگومان ئەو جۆرە هەڕەشانە ئێمە سارد ناکاتەوە لە خەبات و لە هەر شوێنێک پێویست بێت بەرگری لە خەڵک دەکەین، ئێمە لەژێر باری ئەو زەبرەدا هەڵدەستینەوە و خەبات بەردەوام دەبێت و بە هیچ جۆریک ئەو هەڕەشانە وا ناکات ئێمە واز لە کاروباری سیاسیی بهێنین".
جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایشی دەکات کە ئەمڕۆ ئەمریکییەکان هاتوونەتە سەرخەت و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لەمبارەیەوە گوتی: "لەیەکەم رۆژ و دووەم رۆژی دوای رووداوەکەدا، کاردانەوە نیودەڵەتییەکان تەنانەت لە لایەن ئەمریکییەکان تۆزێک لاوازبوون و ئەوەش سەیر دەهاتە بەرچاو، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکییەکان و ناوەندەکانی دیکەی نیودەوڵەتی هاتوونەتە سەرخەت، هەر لەیەکەم رۆژی دوای رووداوەکەش یەک دوو تیمی سەربازیی بیانی سەردانی ئێمەیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین".
بە گوتەی ئاسۆ حەسەن زادە، دەوروبەری ئەو شوێنەی کە بۆردوومان کراوە ٥٠٠ خێزانی سڤیلی ئێرانی تیادایە کە بەهۆی کاری سیاسییەوە لە کۆیە گیرساونەتەوە و لە ساڵی ١٩٩٦ جارێکی دیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە گوللـە تۆپ ئەو شوێنەی بۆردوومان کردووە.
ئەو شوێنەی کە رۆژی ٢٠١٨/٩/٨ بۆردوومانکراوە، قەڵایەکە کە شوێنی سکرتاریەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە، جگە لەوەش چەند ناوەندێکی دیکەی وەکو رێکخراوەکانی ژنان و منداڵانی تیادایە و رۆژی شەممەی رابردووش، چەند مووشەکێک کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی ئەو حیزبەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا کە شەشیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون و ٤٢ کەسی دیکەش برینداربوون.