دهۆك - رهوان نهێلى
دوێنێ دووشەممە چوار فڕۆكەی جۆری ئێف شازدەی ئەمریكا بە هێزی ئاسمانی عێراق گەیشن، كە لە ئەمریكا كڕدراون و لە زێباریمان پرسی مەترسیەكەی بۆ سەر كورد چی دەبێت، كە پێشتر چەند جارێك مەسعود بارزانی رایگەیاندبوو كە حەز ناكەن ئەو فڕۆكانە بگەنە دەست حكوومەتی عێراق، سوپاسالاری پێشووی عێراق لە وەڵامدا گوتی: "من گەیشتنی ئەو فڕۆكانە بە مەترسی بۆ سەر كورد نازانم، ئەو كاتەی سەرۆك بارزانی گوتی ئەگەر ئەم فڕۆكانە بگات مەترسین ئەو كاتە وابوو و بارزانی لە سەر حەق بوو، لە بەر ئەوەی بارۆدوخی عێراق و هەرێم ئاڵوز بوو و نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق هەڕەشەی لە كورد كردبوو، بەڵام دۆخی ئێستای هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتی جیاوازە، قەت لەو بڕوایەدانیم، عێراق بتوانێت كێشە بۆ خوی و بۆ كوردستان دروست بكات".
زێباری رایگەیاند كە ئەو فڕۆكانە بە دەستی هێزی ئاسمانی عێراقدا دەبن و بە كورد نادرێن و گوتی: "ئەو فڕۆكانە شەڕی داعش دەكەن، شەڕی دوژمنێك كە دوژمنی هاوبەشمانە و لەو چوار فڕۆكەی F16 ی كە گەیشتوونەتە عێراق، فڕۆكەوانێكی كوردە".
سەبارەت بە دواكەوتنی پرۆسەی ئازادكرنی مووسڵ و دەستپێكردنی شەڕی ئەنبار پێش مووسڵ، بابەكر زێباری ئەو هەنگاوە بە هەڵە دەزانێت و ئاماژە بەوەدەكات كە بە گوێیان نەكردووە، ئەگەر نە دەبوایە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ پێش ئەنبار بایە و لە بارەیەوە زیاتر گوتی: "بە گوێیان نەكردم، ئەگەر نا، دەبوو پێش ئەنبار مووسڵیان رزگاربكردایە لە بەر ئەوەی مووسڵ لە سێ لاوە دوورپێچكراوە لە لایەن پێشمەرگەوە، ئەگەر ئەو هێزەی چووەتە ئەنبار بهاتایەتە مووسڵ زووتر مووسڵیان رزگار دەكرد، لە بەر ئەوەی ئەنبار زۆر فراوانە، 32 لەسەدای رووبەری عێراقە، ئەو كاتە ئەگەر هاتبانە مووسڵ، دوای كونترۆڵكردنی خەڵكەكەی مووسڵی دەپاراست و خەڵك وازی لە داعش دەهێنا و داعش تووشی شكست دەبوو و عەشایرەكانیش چەكیان هەڵدەگرت و ئەو هێزەی كە مووسڵی رزگار دەكرد با ئینجا بچووبایە ئەنبار، بۆیە ئێستاش لە رۆژی 13/7 ەوە پرۆسەی ئازادكردنی رومادی دەستپێكردووە، تاوەكو ئەوێ رزگارنەكرێت، پرۆسەی ئازادكرنی مووسڵ دەستپێناكات".
سەبارەت بە هۆكاری كەوتنی مووسڵ، زێباری گوتی: "زۆر هۆكار هەبوون، كە رێگەیان بۆ كەوتنی مووسل خۆشكرد، لەوانە گرنگی نەدان بە مەشقی سوپا و گرتنی خەڵك بەبێ هۆكار كە ئەو كەسە دەبێتە دوژمن و خیلافی نێوان شیعە و سوننە و هۆكارەكان زۆربوون تەنها هۆكارێك و دوو نەبوون".
لەبارەی بە چارەنووسی داعش لە ناوچەكە، زێباری گوتی: " داعش لاواز بووە و ئەو هێزە نییە كە مەزندە دەكرێت بەهێزە، بەڵام شێوازی شەڕكردنیان جیاوازە، كە پەنا دەباتە بەر دانانی بۆمب و خۆتەقاندنەوە، بەڵام بە بڕوای من ئێستا هێزی بەرەنگاربووونەوەی داعش دروست بووە لە لە سوپا و حەشدی شەعبی و شكستییان پێ دێنن".
سەبارەت گلەیی وەزارەتی پێشمەرگە لە دابین نەكردنی چەكی پێویست بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونی داعش، زێباری دەڵێت "عێراق دەڵێت، هێزەكانی هاوپەیمانان چەك دەدات بە پێشمەرگە و بەشیان دەكات، ئێمە نایدەین، سەرەرای ئەوەی كە لە رێگای ئێمەوە داوامان كردبوو كە پێشمەرگە پڕچەك بكرێت، بەڵام عێراق رازی نەبووە".
زێباری مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە لایەن تیمی راهێنەرانی چەند ووڵاتێكی بیانی لە هەرێم بە شتێكی باش زانی و گوتی: "ئەم تیمانە كەموكوڕی پێشمەرگە پڕدەكەنەوە و ئامادەیان دەكەن بۆ شەڕ، لە بەر ئەوەی ئەمانە زۆر جدین و بە جدی كار دەكەن و پسپوری و شارەزایی وڵاتەكانیان بە پێشمەرگە دەگەیێنن".
دەربارەی ئەو چەكەی كە تاوەكو ئێستا بە دەستی پێشمەرگە نەگەیشتووە و پێشمەرگە پێویستی پێیەتی، زێباری گوتی: "وەك هەموو هێزێك، پێشمەرگەش پێویستی بە هەموو جۆرە چەكێكە، بەڵام زیاتر پێویستی بە ئامێری هەڵگرتنەوەی مینە چونكە شەڕی داعش بەوە دەكرێت و هەروەها پێشمەرگە پێویستی بە هەلیكۆپتەرەیش هەیە بە تایبەتی ئاپاچی".
سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی، زێباری گوتی: "بۆ یەكەمین جارە سوپاسالارێك دەست لە كاربكشێتەوە، زۆر هۆكار هەبوون كە وایانكرد وازم لە پۆستەكەم هێنا، ئەویش كە مرۆڤ نەتوانێت ئیشی خۆی بە دروستی بكات، دەبێت واز بهێنێت، ساڵی 2007 یش داوای دەستلەكێشانەوەم كرد، بەڵام بە فشاری بارزانی گەرامەتەوە، من دەمویست هەر لایەنێكی سوپا بە دروستی ئیشی خۆی بكردایە، بەڵام وا نەبوو، بەراستی ئەگەر بە گوێمیان بكردایە، نە مووسڵ دەكەوت نە ئەنباریش، بەڵام مالكی و هەندێ وەزیر و سەركردەكانی سوپا بە گوێیان نەكردم".
دەربارەی شوێنگرەوەكەی، زێباری گوتی: "بارزانی پێشنیازی دانانی فەریق ئەنوەر حەمە ئەمینی كردووە و دكتۆر رۆژ نووسراوەكەی پێشكەش كردووە، بەڵام دواكەوت، رەنگە بەدڵیان نەبێت جاریكی تر ئەو پۆستە بدەن بە كورد".
لەبارەی كاری داهاتووی، بابەكر زێباری گوتی: "دەمەوێ پشوو بدەم، بەڵام ئەگەر بارزانی فشارمان لێ بكات ئەو كاتە شتێكی دیكە، چونكە رۆحی ئێمە لە دەستی بارزانی دایە و چ كاتێك بێ ئەمریمان دەرحەق نەكردووە".