محموود عوسمان بۆ ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێكی نوێی سوننە کە بەشێکی لە سوریا ئەوەی دیکەی لە عێراق بێت، ئەو گوتی: "لەو بڕوایەدا نێم ئەوە بکرێت، ئەمریکا و ئێران و ئەوروپا و تەنانەت زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهانیش دژی ئەوەن دەوڵەتێک دابمەزرێت کە گروپە توندڕەوەکان بەرێوەی ببن و واشی دەبینم کە تەمەنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی عێراق درێژە نەکێشێ."
سەبارەت بە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پیشمەرگە خانەنشینکراوەکان کە داوای گەڕانەوەیانی لێکردبوون، مەحموود عوسمان گوتی: "ئێستا شیعەکانی عێراق هەموویان لە ئامادەکاری تەواودان و هێزی سەربازی کۆدەنکەنەوە، هەروەها داعش و چەکدارەکانی دیکەی توندڕەو ئەوانیش خەرێکی ریكخستنی زیاتری ریزەکانی خۆیانن، لێرەدا شتێکی ئاساییە کە سەرۆکی هەرێم داوا لە پێشمەرگە خانەنشینکراوەکانی کوردستان بکات، تا پەیوەندی بەبارەگاکانی پێشمەرگە بکەنەوە لە هەموویان لە ئامادەباشی دابن."
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد لەبارەی ئەوەی کە ئایە کێ پشتگیری دارایی و سەربازی بۆ چەکدارەکانی داعش دابین دەکات گوتی: "بڕوا ناکەم سعودییە و قەتر کە وەک دەگوترێ هاریکاری داعش بکەن، ئەوەی پشتگیری لەو چەکدارانە دەکا، خودی دانیشتوانی خەڵکی موسڵ و ناوچە سوننەکانی دیکەی عێراقە. داعش بە پشتگیری خەڵکی ئەو ناوچانە بەهێز بووە، نە وەک بەپشتگیری لایەنێکی دیکە."
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە رۆڵی تورکیا ئەگەری هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش مەحموود عوسمان گوتی: "هەرچەندە ئەنقەرە دەخوازێت حکومەتی بەغدا حکوومەتێكی لاواز و بێهێز بێ، بەڵام ئەوە بەدوور دەزانرێت تورکیا یارمەتی داعش بدات. قسەی زۆر هەن، بەڵام یارمەتیدانی داعش لەلایەن تورکیا بەڕاستی نازانم و چونکە داعش ئەو رێکخراوە توندڕەوە چەکدارییە لەکاتی بەهێزبوونی پریشکی شەڕەکانی بە هەموو ناوچەکە دەگا وا تورکیاش لەکۆتایی دا لێ بێبەش نابێ."
مەحموود عوسمان، کەسایەتییەکی سیاسی ناودارە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە لیستی هاوپەیمانی کوردستاندا ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقی بوو.