واشنتۆن
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بازرانی گوتی: "دیدارەكانمان لە كۆشكی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا زۆر باش و سەركەوتوو بوون".
سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی دیدارەكانی لە واشنتۆن لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما و جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن لە كۆشكی سپی كۆ بووەوە و دوای ئەو دیدارانە سەردانی ژووری بازرگانی ئەمریكای كرد و بەشداری لە كۆنفرانسێك كرد كە رێكخرابوو.
بارزانی لە میانی گوتارێكدا گوتی: "زۆر سوپاسی ئەمریكا دەكەم كە لە رۆژانی سەختدا هاوكاری گەلی كوردی كردووە و دیدارەكانمان لە كۆشكی سپی زۆر باش و سەركەوتوو بوون".
بارزانی گوتیشی: "سەرەڕای رووبەڕوو بوونەوەمان بە چەند ئاستەنگی زۆر گەورە لە شەڕی دژی داعش بەڵام پێشمەرگەی قارەمان بە هاوكاری ئەمریكا و هێزی هاوپەیمانان تیرۆریستانی داعشیان رووبەڕووی شكست كردەوە و حاڵی حازر دەستپێشخەری لە دەستی هێزی پێشمەرگەدایە و پێشمەرگە رووبەڕێكی زیاتر لە 20 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆریستان خاوێن كردووەتەوە و ئێمە بە هێزی پێشمەرگە و بەرخۆدانی گەلی كورد سەربەرزین و پێشمەرگە كۆتایی بە ئەفسانەی شكست نەخواردنی داعش هێنا و تیرۆریستانی لە بەرەكانی شەڕدا رووبەڕووی شكەستی زۆر گەورە كردووەتەوە".
بارزانی گوتی: "حاڵی حازر زیاتر لە یەك ملیۆن 500 هەزار ئاوارەی سووری و عێراقی لە كوردستاندان و ئەمەیش بۆ ئابووری كوردستان بارگرانییە بەڵام سەرەڕای ئەمەیش هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانییە و كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوەی كە پەناگایەكی ئارام بێت بۆ ئەوانەی كە لە دەستی تیرۆر و توندوتیژی هەڵدن".
بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی ئەو كۆمپانییە ئەمریكاییانەیشی كرد كە لە كوردستان سەرمایەگوزارییان كردووە و گوتی: "بۆ ئەوەی رێگری لە تیرۆریستان بكەین كە بگەنە ئامانجەكانیان پێویستە كۆ ببینەوە و هەوڵ بۆ دابین كردنی ئارامی و بەختەوەری بۆ خەڵك بدەین و با هەر كەس بزانبێت كە تیرۆر هیچ داهاتوویەكی لە وڵاتی ئێمەدا نییە و بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانی هاوكاری و هەماهەنگین و ئەمە تەنیا دەبێتە سەركەوتنی دیموكراسی و ئازادی".