ھەولێر
لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە کرا کە پەیوەست بوون بە یاسای ھەڵبژاردنی عێراق و پێنەدانی تایبەتمەندی بە پارێزگای کەرکوک. ھەروەھا چۆنییەتی پەسەندبوونی یاساکە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم یاسایە خرانە بەر باس.
ھەر لەم کۆبوونەوەیە وێڕای ئەوەی یەکڕیزیی و یەکھەڵوێستیی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ یاسای ھەڵبژاردنی عێراق بە بەرز ھەڵسەنگێندرا ئاماژەیش بەوە درا کە ھەرچەندە یاساکە لە ئاست داواکارییە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان نییە بەڵام ھەنگاوێکی باش بوو لەوەی کە توانرا ڕەچاوی بەشێکی گرنگی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ڕێگەیش لەوە گیرا کە بە بێی کورد یاسای ھەڵبژاردن تێبپەڕێندرێت و ھەروەھا ڕێگەیش بەوە نەدرا لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا تایبەتمەندی بە پارێزگای کەرکوک بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە نیگەرانیی خۆیان ڕاگەیاند لە زیادنەکردنی کۆتای کوردی ئێزیدی و پێنەدانی کورسیی کۆتا بۆ کوردە فەیلییەکان و ھەروەھا کەمیی بەشەکورسیی پارێزگاکانی ھەرێم.
کۆبوونەوەکە ئەوەشی دووپات کردەوە کە پێویستە لە قۆناغی داھاتوودا کار لەسەر ئەوە بکرێت کە سەرژمێری گشتی لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و ھەوڵیش بدرێت کە پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق لە عێراقدا بە تەواوەتی بچەسپێندرێت و لایەنەکان بە زمانی ژمارە و زۆرینە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا نەدوێن.
بەشداربووانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەوەیش ھاوڕا بوون کە پێویستە یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵ و یاسای پارتە سیاسییەکان بە زووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.