ھەولێر
لەسەر داوای ھەردوو حیزبی (یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەشاری ھەولێر خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لەدژی رووداوە خوێناوییەکانی میسر ساز بکرێت.
بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێ بەشدار نابێ لەو گردبوونەوەیەو رەخنە دەگرێ لەھەردوو حیزبە ئیسلامییەکەی دیکە چونکە بیرۆکەی گردبوونەوەکەیان کردووە بە ھی خۆیان.
گوتەبێژی بیزووتنەوەی ئیسلامی (شوان قەڵادزێی) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی " پێشتر ئێمە داوای گردبوونەوەمان کرد لەدژی قەسابخانەکەی میسر، کەچی ئێستا کۆمەڵَ و یەکگرتوو خۆیان کردووە بەخاوەنی بۆیە ئێمە تێیدا بەشداریی ناکەین"
تۆفیق کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " لەو گردبوونەوەکەدا پرۆتستۆی کوشتنی خۆپیشاندەرانی میسری دەکەین و سوپای ئەو وڵاتـە شەرمەزار دەکەین، ھەروەھا یاداشتێکیش ئاراستەی کونسوڵگەریی میسر لەھەولێر دەکەین".
دوێنی ھەینی لە مزگەوتی (ڕەحمە)ی شاری ھەولێر نوێژی غایب بۆ کوژاراوانی ئیخوان موسلمینی میسر کراوە. ھەروەھا چەند مەلایەکیش داوایانکرد با ھاووڵاتیان نوێژی غایب بۆ زوڵملێکراوانی میسر ئەنجام بدەن.