كەركوك
قایمەقامی قەزای دوبس عەبدوڵا ساڵحی رایگەیاند: ژمارەیەک چەکداری نەناسراو پێنج گولە ھاوەنیان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی سوپای عێراق کردووە و یەکێ لەو گولە ھاوەنانە بەر بۆڕی گواستنەوەی نەوتی خاو لە بیرە نەوتیەکانی بای حەسەن بۆ کۆمەلگەی پاڵاوتن لە کەرکوک کەوتووە و لە ئەنجامدا گڕی تێبەربوو و ھیچ زیانێکی گیانی ھێرشەکەش نەبوو.
قایمەقامی قەزای دوبس ھەروەھا گوتی: "دەستبەجێ گواستنەوەی نەوتی خاو لەو بۆڕیە نەوتیە وەستێنرا و تیمە فریاگوزاریەکانیش بۆ گوژاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و پێشبینیی دەکرێت تا ئێوارە ئەو بۆڕیە نەوتیە لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە چاک بکرێتەوە و جارێکی تر دەست بە گواستنەوەی نەوتی خاو بکاتەوە."
بیرە نەوتیەکانی بای حەسەن یەک لەو بیرە نەوتیانەیە کە کۆمپانیای نەوتی باکووری لە کەرکوک بۆ بەرھەمی ناوەخۆ پشتی پێ دەبەستێت و رۆژانە ١٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی لێ دەردەھێنرێت و بەشێوەیەکی بەردەوامیش رووبەرووی ھێرشی چەکداران دەبێتەوە.