جنێڤ
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا بەو جۆرە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەو وتووێژەکانی ھەڵسەنگاند :" دانوستان لە چوارچێوەی رێزگرتن لەیەکتر، زۆر بە جدی بەڕێوەچوو. بەشداران بەوپەڕی رژدییەوە ھاتبووینە جنێڤ، ئەمریکا رژدە لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەرۆک ئۆباما لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ھەوڵیدا ئێران چەکی ناوەکی بەدەست نەھێنێ، تا ئەم ساتەش ئەوە یەکێکە لە ئامانجەکانی. ئێمە پابەندین بە بڵاونەبوونەوەی چەکی کۆکوژ و پاراستنی ھاوپەیمانانمان. بەتایبەتی ئاسایشی ھاوپەیمانانمان لەو ناوچەیە زۆر پرسێکی ھەستیارە، ئەوەی ھەیە جیاوازی لایەنەکان لە جنێڤ بەرەو کەمبوونەوە دەچێ، تەنیا جیاوازی نێوان لایەنەکان کەمتر نەبۆتەوە، بەڵکو خەریکە کەمبوونەوەکەش دیاری دەکرێ".
کیری ئاماژەی بە نا ئومێدییەکانیش دا لەوبارەیەوەو بەڕاشکاوی گوتی:" قسەیەکم بۆ ئەوانەیە کە لەم پڕۆسەیە قەڵسن و ئومێدیان پێی نییە، دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان باش نییە دروستکردنی متمانە پێویستەو بۆ ئەوە کاتی زۆرترمان دەوێ، پێویستە ئێران بیسەلمێنێ بەرنامەکەی ئاشتیانەیە لەبەر ئەوە ھەوڵی دیپلۆماسی کاتی زۆری پێویستە، ئەو لایەنانەی لە گفتوگۆ بەشدارن، پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بتوانن مەسەلە تەنکیکییە ئاڵۆزەکان تاوتۆ بکەن. بەڵام دەشمەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، پەنجەرەی دیپلۆماسی تا سەر کراوە نابێ".
لەبارەی ھەڵوێستی توندی فەرەنسا لەکاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکە، کیری دەڵێ، لەگەڵ فەرەنسییەکان زۆر لە نزیکەوە کار دەکەن و ھەمان بۆچوونی ئەوانیان ھەیە.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان کاتێ گوتیان ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن ئێران خەریکی بەرھەمھێنانی پلوتۆنیۆمە لە سەر مێزی گفتوگۆ چۆن باستانکردووە؟ کیری گوتی:" ھەڵبەتە، پرسێکی زۆر گرنگە. لەسەر ئەو بابەتە زۆر کاتمان خەرجکرد. سوورین لەسەر رێککەوتنیک کە بتوانێ ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکات".
لەلایەکی دیکە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی:" پێکەوە کار دەکەین و ھیوام بەوەیە کە دەگەینە رێککەوتن".
زەریف لەگەڵ کاترین ئاشتۆن نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازدا.
زەریف، ئاماژەی بەوەدا ئەو شەش وڵاتانەی لە گفتوگۆ بەشدارییانکردووە، بۆچوونی جیاوازیان ھەبووە:" بەیەکەوە کاردەکەین ھیوام وایە بگەینە رێککەوتنێک".
ئاشتۆن رایگەیاند ئەوان گفتوگۆیەکی زۆر چڕوپڕیان ئەنجامداوە، ئامانجییشان گەیشتنە بە رێککەوتن.
ئاشتون، لەبارەی ھەڵوێستی جیاوازی فەرەنسا ئامادە نەبوو وردەکاریی زۆر باس بکات تەنیا گوتی:" فەرەنسا لە گروپی 1+5 رۆڵێکی گرنگ دەبینێ و خوازیارم ھەمووان پشتگیریی پرۆسە بکەن".
زەریف لەو بارەیەوە گوتی:" کاتێ دەچینە ناو وردەکاریی پرسەکە، دەرکەوتنی بۆچوونی جیاواز ئاساییە و چاوەڕێی ئەمەشمان دەکرد، دانوستانکاران رژدن و ئیرادەی سیاسی پێویستیشیان ھەیە، بەم شێوەیەش قۆناغی جێبەجێکردن دەست پێدەکات. ئێمەیش بەھەمان شێوەی بەرامبەرەکانمان دەجوڵێینەوە".