Heman Hussein Yaseen
03 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢١، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف و، سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھیمداد سەباح بیلال پێشوازیان لە ژمارەیەک میدیاکار کرد و کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان لەگەڵ میدیاکاران ئەنجامدا.
بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار لە دەزگاکانی راگەیاندن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرەتا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف ئاماژەی بە پێکھاتەی تورکمان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و دواتر رۆڵ و پێگەی بەرەی تورکمانیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان خستەڕوو.
میدیاکارانی ئامادەبوو، کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیازیان خستەڕوو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکھاتەکان بەتایبەت لە پاڕێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراق و، پێشنیازەکان لەلایەن بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بەھەند وەرگیرا و بڕیاردرا کە کار لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکان و سەقامگیری ناوچەکە بکرێت.
جێی ئاماژەیە بەرەی تورکمانی لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری ھەولێر دامەزراوە، بارەگای سەرەکیان لە شاری ھەولێر بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای رووخانی حکوومەتی عێراق، ئەوا بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی گواسترایەوە بۆ شاری کەرکووک و تەنیا بارەگای لقی ھەولێری بەرەی تورکمانی لە ھەولێر مایەوە، لە رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢١ لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوکاتی بەرەی تورکمانی ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف و، کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر ھاکان کاراچای، ئۆفیسی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە شاری ھەولێر کرایەوە.