بهغداد
مزگەوتی ئەلئەنبیا لە بەغدای پایتەختی عێراق، بووەتە پەناگەی دەیان خێزانی ئاوارەی ئەنبار كە لە دەست شەڕ و پێكدادانەكان هەڵاتوون.
مزگەوتەكە كە لەسەر رووبەری نزیكەی 600 مەتر دروستكراوە و دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختەوە، تیایدا ئەو ئاوارانە نیشتەجێبوون كە لە ئەنبارەوە هاتوون، ژیان و گوزەرانی ئەو ئاوارانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هێندەی دیكە سەخت بووە.
بەهۆی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان تیایدا، ئەو مزگەوتە مێژووییە بە رووی نوێژ خوێناندا داخراوە، ئاوارەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە لەلایەن حكوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە پشتگوێ خراون.
مزگەوتی ئەنبیا، بە پەردە بەش بەش كراوە و دابەشكراوە بەسەر خێزانەكاندا، منداڵانی ئەو خێزانانەش لە حەوشەی مزگەوتەكەدا كاتەكانیان بەسەر دەبەن.
یەكێك لە ئاوارەكان بەناوی ئەبو عومەر، باس لەوە دەكات كە ژیانی ئەو و 142 كەسی لە مزگەوتەكەدا دەمێننەوە پڕیەتی لە تراجیدیا و دەڵێت: "ئێمە كەوتینە نێوان هێرشی هاوەنی سوپای عێراق و قەناس بە دەستەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە كاتێكدا خەڵكی هەڵدەهاتن ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژرا".
گوتیشی: "حكوومەت بۆ ئێمە هیچ واتایەكی نییە. هیچ پەیوەندیەكمان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە. من تەنیا كەسێكم لەوانەی خانوو، ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵكم جێهێشتووە. مرۆڤ ناتوانێت جگە لە ماڵی خۆی لە هیچ شوێنێكی دیكە بەختوەر بێت. بە هاوكاری رێكخراوەكانی هاوكاری بیانی ژیان دەگوزەرێنین".
یەكیكی دیكە لە ئاوارەكان بەناوی فەخری رەحیم، كاتێك باسی لە بەسەرهاتی جێهیشتنی ئەنباری دەكرد لەگەڵ خانەوادەكەیدا، فرمێسك بە چاوانیدا دەهاتەخوارەوە و گوتی: "داعش شەو هاتە ناوچاكە و دەستی كرد بە هێرش كردن بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی. ئەو شەوە بۆ ئێمە وەك كابوس وابوو".
فەخری، ئاماژە بەوە كرد كە ناتوانێت دڵخۆش بێت لەوەی بە ساغ و سەلامەتی لەدەست شەڕ و پێكدادانەكان رزگاریان بووە و گوتی: "كاتێك هاتین بۆ بەغدا، لەو شوێنەی یەكەمجار تیایدا نیشتەجێبووین هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردین بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەین. ماوەی سێ رۆژ نامەیان ئاراستە دەكرین و دەیانگوت لێرە برۆن".