Hemin Hüseyin
24 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەو سێ گەنجەی هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر پێدەچیت فریوودرابن و ئاماژەش بەوە دەکات کە پێویستە حکوومەتی عێراقیش کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکات.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لەبارەی رووداوەکەی دوێنێی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە دوورە لەو کردەوە تیرۆریستییانە و ئەم رووداوەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێریش جێی نیگەرانی هەموولایەکە بەتایبەت ئەو سێ گەنجەی کە هێرشیان کردە سەر باڵەخانەکە کە پێدەچێت فریوودرابن و بە شێوەیەک کە مەترسی دروست بکات و خۆشبەختانە دەزگاکانی ئەمنیی توانیان کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن".
سەفین دزەیی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کارگوزارە کرد کە لەو هێرشەدا بووە قوربانی و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارەکان خواست و رایگەیاند، بارودۆخەکە ئاساییە و دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوونێکی جددی لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق زیاتر هەماهەنگ بن بۆ رووبەڕووبەوەی تیرۆر و گوتی: "پێویستە لایەنەکان و حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان، هاوکار و هەماهەنگ بن، هاوکات بە جددی کار بکەن لەسەر بەرەنگاربوونەوە و بنەبڕکردنی بیری توندڕەوی داعش، چونکە بیری توندڕەوی و ئەو یایدۆلۆجیایە تا ئێستا بەردەوامە و پێویستە بە هەموو لایەک رووبەڕووی ببینەوە".
کاتژمێر حەوت و ١٢ خولەکی بەیانی دوێنێ دووشەممە، سێ چەکدار هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و دوای چەند کاتژمێر لە رووبەڕووبوونەوە هەر سێ چەکدارەکە کوژران و کارگوزارێکیش بووە قوربانی، هاوکات چوار کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.