سلێمانی
پەرلەمانتارانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن مووچەو خانەشینی پەرلەمانتاران گەورە کراوەو لایەنە سیاسییەکان یاری بەسۆزوھەستی خەڵک دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی دەزانن یاسایەکی تایبەتی بۆ مووچەو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان دەربکرێ و کەم بکرێتەوە.
ئەمڕۆ لە بەغداو ژمارەیەکی دیکەی شارەکانی عێراق ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانە دەستیان پیکرد کە ماوەی چەند مانگیک بوو چالاکوان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق بۆ داواکردنی ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان لە سەر تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک بانگەشەیان بۆ دەکرد.
مووچەی مانگانەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ١٠ ملیۆن دیناری عێراقییە لەگەڵ مووچەی ٣٠ پاسەواندا کەکۆی گشتی دەگاتە ٣٤ ملیۆن دینار، بەپێی بەڵگەنامەیەکی رۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی عێراقی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ساڵانە دەگاتە ١٠٨ ملیار دینار".
رۆژنامەکە دەڵێ "لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە تاکۆتایی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق کۆی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەگاتە ٦٥٤ ملیارو ٢٩٠ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دینار".
پشتیوان ئەحمەد ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەلیستی ھاوپەیمانی کوردستان لەبارەی داواکاری خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆوە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو دەڵێ"لەعێراق کێشەی زۆر گەورە ھەیەو چارەسەر ناکرێن، لەبەرامبەردا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان و کەناڵەکان یاری بەسۆزو ھەستی خەڵک دەکەن و وا نیشان دەدەن کەکێشەکانی عێراق ھەمووی خۆی لەمووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەبینێتەوەو بەنەھێشتنی ھەموو کێشەکان چارەسەر دەبن".
پشتیوان ئەحمەد لەگەڵ ئەوەدایە خانەنشینی نەھێڵرێت، بەڵام داواش دەکات"خەڵک چەواشە نەکرێت"و لەڕێگەی یاسایەکی تایبەتەوە کەپەرلەمان دەری بکات دادوەری لەمووچەدا جێبەجێ بکرێت و مووچەی ھەموو پلە باڵاکان ڕێک بخرێتەوە.
بەبڕوای پەرلەمانتارێک مووچەی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاکان زۆرەو پێویستی بەڕێکخستن ھەیە، تاوەکو جیاوازی لەنێوان بەرزترین و کەمترین مووچە کەم بکرێتەوە ئەوەش بەدەرکردنی چەند یاسایەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە بابەتەکە گەورە دەکرێت و موزایەدەی لەسەرە.
بایەزید حەسەن پەرلەمانتاری عێراق لەلیستی گۆڕان دەڵێ"باشترین چارەسەر بۆ ئەو پرسە، سەیرکردنی پەرلەمانی ووڵاتانی دەوروبەرو پێشکەوتووی جیھانە تاوەکو ھەمان ھەنگاوی ئەوان بنرێ و بەیاسایەک ڕێک بخرێتەوە".
ئەندامێکی لیستی یەکگرتووش لەپەرلەمانی عێراق(بەکر حەمەسدیق) ڕایدەگەیەنێ ئەو بابەتە لەلایەن بەشێک لەلایەنەکانەوە وەک بانگەشەی ھەڵبژاردن و موزایەدەی سیاسی بەکاردەھێنرێ و داواش دەکات پەرلەمان یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە دەربکات.
لەبەرامبەر ئەو داواکاری و گوشارەی لەسەر خانەشینی پەرلەمانتاران ھەیە، پەرلەمانی عێراقی لیژنەیەکی تایبەتی پێکھێناوە بۆ تاوتوێ کردنی چەند پڕۆژە یاسایەکی پێشنیارکراو بۆ ڕێکخستنی مووچەو خانەنشینی پەرلەمانتارەکانی.
پەرلەمانتاری لیستی ھاوپەیمانی کوردستان (لانە محەمەد)دەڵێ"٤ پڕۆژە یاسای پێشنیارکراو گەیشتۆتە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو پڕۆژە یاسایانەو پرسی خانەنشینی پەرلەمانتاران پێک ھاتووە، دواتر ھەر ٤ پڕۆژە یاساکە دەکرێتە پڕۆژە یاسایەکی پێشنیار کراوو ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ گفتوگۆو دەنگدان لەسەری".