هه‌ولێر
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان داوا له سه‌رجه‌م كهناَڵه تەلەڤزیۆنییە ئاسمانی و لۆكاڵیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كا، وه‌ك ناره‌زاییه‌ك دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه گه‌رمیانی رۆژنامەنووسە تیرۆركراوەكانی دیكە، رۆژی پێنجشه‌ممه 12/12/2013 سه‌عات 19:59 بۆ ماوه‌ی یه‌ك خولهك په‌خشی ئاسایی خۆیان بوه‌ستێنن.
هه‌روه‌ها ئه‌و خوله‌كه‌ش له‌بری ئه‌و خوله‌كه ناوبڕێک پەخش ده‌كرێ، كه ده‌ربڕی سەرکۆنهكردنی تیرۆری رۆژنامه‌نووسانه و له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامهنووسانەوە ئاماده كراوه.
نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئازاد حه‌مه‌ده‌مین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئه‌م داوایه له كه‌ناڵه‌كان داوایه‌كی ئه‌خلاقی و ویژدانییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موولایه‌ك سەرکۆنهی كوشتن و تیرۆر بكه‌ین".
نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان گوتی "له‌و خوله‌كه وێنه‌ی چوار شه‌هیدی رۆژنامه‌نووس په‌خش ده‌كرێ، هه‌ریه‌كه له سه‌رده‌شت عوسمان، سۆران مامه حه‌مه، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، كاوه گه‌رمیانی."
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆنی KNN وشیار عه‌بدوڵا گوتی "بێگومان هه‌ر هه‌وڵ و پێشنیازێكی باش هه‌بێ بۆ سەرکۆنهكردنی هه‌وڵی تیرۆری رۆژنامه‌نووسان له كوردستان، پێیه‌وه پابه‌ند ده‌بین".
وشیار عه‌بدوڵا ره‌خنه‌ی له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان گرت و گوتی "سه‌ندیكا زۆر كاری زیاتری له‌ده‌ست دێ، پێویسته بیر له ئالیه‌تی كاریگه‌ر و باشتر بكاته‌وه، پێمان وایه به‌شێك له خراپی ره‌وشی رۆژنامه‌نووسان، له كوردستان هۆكاره‌كه‌ی بۆ ناكارایی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه".
سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری و كاری میدیای له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌ی KNN ده‌ڵێ "ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له قۆناغی ئێستا نائاساییه، ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، پێویسته ئاوڕێكی جدی له‌م بارودۆخه بده‌نه‌وه".
له‌لایه‌كی تر كاروان ئاكره‌یی به‌رێوه‌به‌ری کەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی گوتی "پشتیوانی له‌و داوایه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌ین".
بۆ داواكه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی میدیای رووداورێبوار كه‌ریم وه‌لی بۆ ئانادۆڵو گوتی "ئێمه پشتگیری ئه‌و داوایه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ناكه‌ین".
وه‌لی گوتیشی "پێشتریش كه‌مپین و به‌یاننامه‌ی له‌و شێوه‌یه هه‌بووه، به‌ڵام نه‌چووینه‌ته ژێرباری ئه‌م داوایانه".