سەلاحەدین
ئەمڕۆ شەممە بەرپرسانی ئەمنی عێراق ئاشكرایان كرد، چەكدارانی داعش لە شاری تكریت، شوێنەکانی بەرگرییان پتەو كردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر هێرشێك یان پڕۆسەیەكی سەربازیی ببنەوە ئەگەر هاتوو هێزەكانی عێراقی و چەكدارانی حەشدی شەعبی دژیان ئەنجامی بدەن ئەویش چوار هێلی بەرگرییە.
فەرماندەی سەربازیی لایەنێکی چەكداری حەشدی شەعبی لە نزیك شاری تكریت جەواد تلیباوی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەر لە چەند رۆژی رابردوو، هێزەكانی حەشدی شەعبی هەموو ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵكوتانە سەر شاری تكریت لە ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین تەواو كردووە بەڵام كاتی دیاریكردنی سەعاتی سفر لە ئەنجامدانی هەڵكوتانەكە لە دەستی فەرماندە ئەمنییەكانە.
تلیباوی دەڵێت: "شەڕی ئەمجارەی تكریت لە نێوان هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش زۆر دژوار و سەخت دەبێت و سەختی شەڕەكەی ئەمجارە بەهۆی ئەوەیە، چەكدارانی داعش شوێنەکانی بەرگرییان زۆر پتەو كردووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ماڵ و دامەزراوەكانی حكوومەت و شەقامی گشتی و رێگەکانی خۆڵ و عاموودەکانی كارەباییان بۆمبڕێژ كردووە و ژمارەیەكی زۆری قەناسیش لە نێو باڵاخانەكاندا بڵاو بوونەتەوە و ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی دیكەی چەكدار بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی خۆیان ئامادە كردووە.
تلیباوی هەروەها گوتیشی: "ئێمە هەوڵ دەدین لەم شەڕەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن بەڵام بە زیانێكی كەم".
هەروەها جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین خالید جەسام بۆ ئاژانسی تەئیكد لەوە دەكاتەوە، بەپێی چەند زانیارییەكی هەواڵگری كە بەدەستیان گەیشتووە، "چەكدارانی داعش لەوپەڕی ئامادە باشیدان بۆ ئەوەی هێرشەكانی هێزەكانی ئەمنی بۆ نێو شارەكە تێكبشكێنن". جەسام لە درێژەدا گوتی: "چەكدارانی هەلی ئەوەیان لە بەردەمدا نییە كە لە نێو شاری تكریت هەڵبێن یان بۆ شوێنەكانی دیكە را بكەن، چونكە شارەكە لە چوار لاوە لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە گەمارۆ دراوە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئاشكرایشیكرد، هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستیان كەوتووە، "بەچوونەدەری خێزانەكان لە شاری تكریت، چەكدارانی هەموو شوێنەكانی ئەو شارەیان بە بۆمبێكی زۆر چاندووە".
بەرپرسی سەربازی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەریم نووری دەڵێت: "دۆخی هەنووكەی چەكدارانی داعش لە نێو شاری تكریت شڵەژاوە، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی رێككەوتوون كە پڕۆسەی چوونە نێو تكریت دوا بكەوێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت رێگەیەكی دیكە كە كەمترین زیانی بەدواوە بێت بۆ هێزەكانی ئەمنی و چەكدارانی حەشدی شەعبی بدۆزنەوە".