Zana Natık Kerem,Rewa Mahmood Hasan
26 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2022
هەولێر - AA
دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان ئەنجام نەدرا بۆ رۆژی چوارشەممە ٣٠ ئادار دواخرا.
دانیشتنی ئاسایی ژمارە چوار لە وەرزی یەکەمی یاسادان لە ساڵی یەکەمی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدرا و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کە پێشتر لەلایەن فەرمانگەی میدیای ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە راگەیەندرابوو، دانیشتنەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی میدیای ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بڵاوکراوەتەوە لە دانیشتنەکەدا، ٢٠٢ ئەندامی ئەنجوومەنەکە ئامادەبوون، بەمەش رێژەی یاسایی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار تەواو نەکرا کە پێویست بوو ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن.
هەر بۆیەش دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رۆژی دووشەممە ٢٨ی ئادار و دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆمار بۆ رۆژی چوارشەممە ٣٠ ئادار دواخرا.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا هەریەک لە فراکسیۆنەکانی سەدر، هاوپەیمانی سەروەریی، پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی دیکە بەشداربوون لە بەرامبەردا لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەزم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی دیکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، چەند بڕگەیەک بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران زیادکرا و دانیشتنەکە کرایە دانیشتنێکی ئاسایی لەنێویاندا دەنگدان لەسەر ئەندامانی لیژنەی هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنەکە.