وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو لە میانی بەشداریكردنی لە شەشەمین كۆنفرانسی باڵیۆزان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "رژیمی سوریا ھەوڵ بۆ ناوزڕاندن و پەراوێز خستنی كۆنفرانسی جنێڤ٢ دەدا."
داودئۆغڵو گوتی: "ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ٢ی داوە، بۆ ئەو بڕیارەی ئۆپۆزسیۆن رۆلی توركیا و وڵاتانی دوستی سوریا زۆر گرنگە، چونكە توركیا و وڵاتانی دوستی سوریا بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ٢ بكا، هەوڵی زۆریان دا."
وەزیری دەرەوەی توركیا لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "چاوەڕوانی توركیا لەو كۆنفرانسە گۆڕینی رەوشەكە و كۆتایی ھێنان بە قەیرانی سێ ساڵەی سوریایە، چونكە تا ئێستا ھیچ جۆرە كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی بەرفراوان بۆ كۆتایی ھێنان بەو قەیرانە ساز نەكراوە. بە ھۆی نەبوونی ھیچ جۆرە ھیوایەك لە ماوەی یەك ساڵ و نیودا پێ دەچێ كۆنفرانسی جنێڤ٢ لە رووی نەفسییەوە كاریگەرییەكی زۆری ھەبێ."
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو