هەولێر - AA هێمن حوسێن
ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگای پڕۆکسییەکانیانەوە، خەریکە جیھان بەرەو قۆناغێکی دیکە دەبات و، ناوچەکە لە شەڕ و ئاڵۆزی نزیک دەبێتەوە، بەتایبەت لەمیانی ئەمساڵدا، ھێرش و بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا زیادیکردووە و ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئەمریکای ناچارکردووە کە بڕیاری بەرپەرچدانەوە و تۆڵەکردنەوە بدەن، بەتایبەت لە دواین ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەمریکییەکان لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئوردن کە تیاییدا سێ سەربازی ئەمریکی گیانییان لەدەستدا و ئەمریکاش ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار کرد.
ئەگەرچی شەوی ڕابردووش کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو مقاومەی ئیسلامی و نزیکن لە ئێران، لە بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە لەپێناو ئەوەی حکوومەتی عێراق شەرمەزار نەبێت، ھێرشەکانیان بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ڕادەگرن. بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە ئەمریکا لە تۆڵەی گیانی سێ سەربازەکەیدا، ھێرش بکاتە سەر ھەندێک بنکەی چەکداری نزیک لە ئێران.
شڕۆڤەکاری ئەمنی و سەربازیی، عەبدولقادر هەرکی لەبارەی هۆکاری هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەندێک شوێن لە عێراق و سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ستراتیژییەتی ئەوەی کە بە بەرەی بەرگریی ناودەبرێت (حزبوڵڵای لوبنان، میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سووریا، حووسییەکان لە یەمەن و جیھادی ئیسلامی لە فەڵەستین بە سەرکردایەتی ئێران)، ئەوەیە کە دژی ئیسرائیلییەکان دواتر ئەمریکییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (کە ناوچەی چالاکی ئەوانە) بتوانن جوگرافیای چالاکییەکە بەرفراوان بکەن، واتا یەکێک لە سێ بنەمایەکەی بنگۆریۆن (دامەزرێنەری ئیسرائیل) ئەوە بوو کە ئیسرائیل نابێت دوو شتی گەورە بکات، یەکەمیان جەنگی درێژخایەن، دووەمیان جەنگ بچێتە ناو خاکی ئیسرائیل، ئێستا بەرەی بەرگری ئەمەی کردووە، واتا جەنگ لەناو ئیسرائیلە، واتا لە غیلافی غەززە کە ٤٠ کیلۆمەتر لە دەوروبەری غەززەیە (جوولەکەنشینەکانی نزیک سنووری غەززە)، ئەم جەنگە بەرپا بووە، بەڵام ئەوەی گرنگە لە دوای نزیکەی سێ مانگ لە شەڕەکە تا ئێستا دەستکەوتێکی زەمینی بەدەست ئیسرائیلییەکان و لەنێویشاندا ئەمریکا نەهاتووە، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران کە سەرکردایەتی بەرەی بەرگری دەکات پێیوایە چەندی بتوانێت بەرەی جەنگەکە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر بکات بە تایبەت لە ئێستادا کە ئەمریکییەکان بەشی پێویستی خۆیان، نە هێزی لۆجستی، نە بنکەی لەبار، نە ژمارەی سەربازی گونجاویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیە، بۆیە ناتوانن ڕاستەوخۆ بچنە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران یان پڕۆکسییەکان (بریکارەکانی ئێران) لە نێویاندا یەمەن، حزبوڵڵا، سووریا و عێراق، بۆیە لە جێگای ئەوەدا دەبێت چی بکەن؟ دەبێت دەست بە هێرشی مووشەکی خاڵ بە خاڵ و تیرۆری کەسایەتییەکان بکەن".
ئێران هێرشەکانی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕ کردووەتەوە بەجۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا شەش جار لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هەر لەمیانی ئەم ساڵدا یەک جار هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و چەند جارێکیش لە ڕێگای مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ئەم شڕۆڤەکارەش پێیوایە کە عێراق بەشێکی گەورەی ستراتیژیەتی سیاسەتی ئێرانە بۆیەش ئێران دەیەوێت هەژموونی بە تەواوی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
لەمبارەیەوە عەبدولقادر هەرکی گوتی: "عێراق یەکێکە لە پێکهاتە گەورەکەی ئێران لە ناوچەکەدا، عێراق وێنە گەورەکەی ئێرانە و پارچەیەکی هەرە بنەڕەتی ستراتیژیەتی سیاسیەتی ئێرانە، بە جۆرێکی دیکە، عێراق قوڵایی ستراتیژی تاران - ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئێران بە سووریا، لوبنان، فەڵەستین و دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، وەک دەزانین لە عێراق بەشێوەیەکی زۆر بەرجەستە ئێران کاریگەریی لەسەر حکوومەتەکەی عێراق هەیە کە شیعەیە و پاڵپشتی لە ئێرانەوە وەردەگرێت، لەبەر ئەوە لە عێراق زەمینەیەک هەیە بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان، گرنگییەکەشی ئەوەیە کە لە عێراق هەم حکوومەت و هەم گەل زۆرینەی هاوڕا و هاوتەریبن لەگەڵ سیاسەتی ئێران بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان، ئەگەرچی بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕەنگە سوننەکان هاوڕان نەبن".
عەبدولقادر هەرکی گوتیشی: "ئێرانییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق چالاکن، بۆیە ئەو کارەی کە دەیکەن لەبەر ئەوەیە هەم لە ڕووی زەمینەی سەربازیی کە جوگرافیایەکی ناسراوە، هەم لە ڕووی هەواڵگریی، هەم لە ڕووی ئاسایشیی، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە لێرە بوونیان هەیە و زانیارییەکی باشیان لەسەرجوگرافیای مرۆیی و سیاسیی عێراق هەیە، بۆیە دەتوانن لێرە زیاتر دەست بوەشێنن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتەی کە عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستەیەکی زۆری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، هاوکات مقاومەی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە لە ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٨٧ هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگای ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا، عێراق گونجاوترە و ڕەنگە لە عێراق زیاتر دەستکەوتی سیاسی بۆ ئێران هەبێت".
هێرشەکانی ئێران و پڕۆکسییەکانی لە عێراقدا، پەلیان کێشاوە بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنی سڤیلنشین و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە دوو هێرشی جیادا بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو سەرمایەدار لە هەولێر و، چەند جارێکیش کێڵگەی غازی کۆڕمۆریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ڕێگای کاتیۆشا و دڕۆنەوە بە ئامانجگرتووە.
لەبارەی پەلکێشانی هێرشەکان لە بنکەی سەربازییەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و سامانی گشتی، شڕۆڤەکاری ئەمنی و سەربازی، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "ئەم بابەتە لە نێوان حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی ئێراندا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، حکوومەتی هەرێم لە هەولێر تا ئێستا تەنیا ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و هیچ کارتێکی زانیاری نەخستووەتەڕوو، زانیارییەکان ئەوەن کە ناوچەکە شوێنێکی سیڤیلنشین بووە و خەڵکی سڤیلیش گیانی لەدەستیداوە، عێراقیش تا رادەیەکی زۆر ئیدانەی کردووە و باسی کردووە کە ناوچەکە سڤیلنیشینە، بەڵام وەک عێراق باسی کردووە 'بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مافە یاسایی و دیپلۆماسییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ڕێگریی بکەین لە دووبارەبوونەوە'، واتا لێپێچینەوە بکەن لە بابەتەکە، بەڵام ئێران قسەیەکی دیکەی هەیە کە دیارە لەسەر ئاستی باڵا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراق قاسم ئەعرەجی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لەیەکتر تێبگەن، یان ئەوەی وا دەکات ناوچە سڤیلنشینەکان یان خاڵە سڤیلنشینەکان لە بانکی ئامانجەکانی ئێران بێت لەبەر ئەم هۆکارانەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران، عەبدوڵاهیان ئاماژەی پێکردبوو کە ئەم خاڵە خاڵێکی سەرەکی کۆکەرەوەی یان شوێنی کۆبوونەوەی مۆسادی ئیسرائیلی بووە لە هەولێر و پێشتریش لە مووشەکبارانکردنی ماڵی شێخ باز هەر ئەم بابەتە دووبارە بووەوە".
عەبدولقادر هەرکی گوتیشی: "لەلایەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەمریکا و ڕۆژئاوا، لەلایەکی دیکەشەوە بەرەی بەرگریی بە سەرکردایەتی ئێران دواتر ڕووسیا و چین، بابەتەکە ئەوەندە قووڵبووەتەوە ڕەنگە شوێنی سڤیلنشینیش لە بانکی ئامانجەکانی ئێران بێت و دەیەوێت پەیامێک بنێرێت بۆ ئەمریکییەکان کە توانای ئەوەمان هەیە، بۆ نموونە ئەو مووشەکانەی ئیدلبی پێکا مووشەکی خەیبەر شکێن لە ئەهوازەوە بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر خاڵی زۆر وردی پێکابوو، ئەمە پەیامێکە کە ئێران دەتوانێت ئەم خاڵانە بپێکێت کە هاوتەریبە لەگەڵ هەموو خاڵە ستراتیژییەکانی ناو ئیسرائیلدا، لە ڕووی سەربازییەوە ئەوەی هەولێریش ڕەنگە پەیامێکی سیاسی بێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی داهاتوودا نەبێتە بەشێک لەو یارییەی کە ڕەنگە ئێران بە دڵی نەبێت، جا لە ڕووی وزە یان سیاسەتی وزە و نەخشەی وزە بێت، یان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بێت کە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت".
بە دیاریکراوی لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە و دروستبوونی شەڕ لە کەرتی غەززە، بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە دەستیان بە چالاکی کردووە و بەردەوامن لە چالاکییدا، تا ئێستا جگە لە هێرشی دڕۆنی، هێرشی مووشەکیشیان بۆسەر چەند کەشتییەکی ئیسرائیلی ئەنجامداوە و ئەمەش کێشەی بۆ چاودێرانی سیاسیی و شڕۆڤەکارانی سەربازی دروست کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە توانایی و سامانی بریکارەکانی ئێران (بەرەی بەرگری) بکۆڵنەوە.
لەمبارەیەوە شڕۆڤەکار، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "دوای ٧ی ئۆکتۆبەر تواناکانی ئێران لە ڕووی هەواڵگریی، ستراتیژیی، سەربازیی، مووشەکی و درۆنییەوە جێگەی پرسیارە بۆ هەمووان، لە دوای سێیەم هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر یەمەن، حووسییەکان کەشتییەکی جەنگییەکی ئەمریکیان لە دووری ٦٠٠ کیلۆمەتر پێکاوە، کە ئەمە توانایەکی زۆر بەرزە، لە دوای ئەمەش، لە کەناراوەکانی هیندستان بە دڕۆن هێراشکراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییە ئیسرائیلییەکان، کەواتە تواناکانی بەرەی بەرگری کێشەیەکی زۆر گەورەی دروست کردووە بۆ شڕۆڤەکارانی سیاسی و دەزگا ئەمنییەکان بەوەی تا ئێستا توانای ئەم هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیار نیە".
ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ھێرشێکی دڕۆنییدا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٢٥ ی دیکەش برینداربوون، ئەمەش لەناو ئەمریکا و بەتایبەت کۆمارییەکان کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و چەند کۆنگرێسمانێک پێشنیازی لێدانی ڕاستەوخۆی ئێرانییان لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
لەبارەی هۆکاری هێرشەکە بۆ سەر ئەم بنکەیە، شڕۆڤەکاری ئەمنی و سەربازیی، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی سستبوونی حکوومەتی سووریا، ئەمریکاییەکان بەکاریانهێناوە و دواتر ئەندازیاری فڕۆکەوانی، هەواڵگری، لۆجستی، تەنانەت پاڵپشتی زەمینیش بۆ ئەو هێزانەی ئەمریکی و هاوپەیمانان دابینکران، بنکەیەکی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ئوردن و سووریا و عێراق، پێکانی ئەم خاڵە سەربازییە کە بە تاوەری ٢٢ ناو دەبرێت، بازدانە بۆ قۆناغێکی مەترسیدار، هەم بۆ ئیدارەی ئەمریکی کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن دووچاری کێشەیەکی زۆر بووەتەوە و لە هەمانکاتدا بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێن، هەم کۆمارییەکانی وەک دۆناڵد ترامپ ( سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ بەدەست دەهێنێت، هەروەها ئەمریکا بژاردەی زۆر گەورەی لەبەردەستدا نیە، چەند کۆنگرێسمانێک داوای لێدانی ڕاستەوخۆی ئێرانییان لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیاز کردووە، بەڵام ئەمریکا باش دەزانێت بۆ لێدانی ئێران پێویستە چەند خاڵێک لەبەرچاو بگرێت ئەویش یەکەمیان بریتییە لەوەی کە لێدانەکە نەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکەونە شەڕەوە، دووەمیان نەبێتە هۆکاری فراوانبوونی زەمینەی شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سێیەم و لەهەمووی گرنگتر ئەو وەڵامدانەوەی ئەمریکا قوڕستر نەبێت لەوەی کە لە تەنەف ڕوویدا، هەروەها دەبێت ئەمریکا دووچاری شەڕێک نەکات هاوشێوەی کۆریا و ئەفغانستان و عێراق".
عەبدولقادر هەرکی گوتیشی: "یەکێک لە بژاردەکانی ئەمریکا ئەوەیە، ئەگەر بتوانن وەڵامێکی گونجاو بدەنەوە (پێشتریش دۆناڵد ترەمپ باسی کردبوو) کە ئێرانییەکان ئاگاداربکرێنەوە لەوەی هەندێک خاڵ دەپێکن و گوشارێکی ئیعلامی لەسەر بکەن بەوەی تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوون پێموایە ئیسرائیل حەز دەکات ئەمریکا پەلکێشی شەڕێک بکات، بەڵام باشترین بژاردە ئەوەیە کە وەڵامێکی ڕێژەیی بچووک بدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ژمارەیەک قوربانی لەو هێزانەی کە پاڵپشتی ئێرانن، بگرن، هاوکات لەبەرامبەردا هەوڵبدەن ئەو دۆخەی غەززە کۆنتڕۆڵ بکەن و ئیسرائیل بگاتە باوەڕێک کە ئێستا کاتییەتی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل بە تەواوی کۆتایی بێت و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بەدواوە بێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

