هەولێر
لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژە یاسای دیاریكردنی هەیكەلی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان لەشاری هەڵەبجە بەڕێوەبچێ.
ساڵی پار حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شاری هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند بۆ دیاریكردنی هەیكەلی ئیدارەی پارێزگاكە پەرلەمانی كوردستان بە پڕۆژە یاسایەك دەیەوێ ئیدارەی پارێزگاكە رێك بخات.
رۆژی سێ شەممە پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسایی دیاریكردنی شێوەی ئیدارەی پارێزگاری هەڵەبجە كرد.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، عومەر حاجی عینایەت بۆ ئانادۆڵو گوتی "لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجامدراوە و هەڵەبجەش كراوە بە پارێزگار، بۆیە ناكرێ تا 2018 چاوەڕوانی هەڵبژاردن بكەین و پێویستە بە یاسا ئیدارەی شارەكە دیاری بكرێ و لەم پڕۆژە یاسایەش شێوەی بەرێوەبردنی ئاماژەی بۆ كراوە".بەپێی پرۆژە یاساكە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پێكدێ لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرو 25 ئەندامی ئەنجوومەن.
عومەر عینایەت دەڵێ: "رێكەوتنی سیاسی لەسەركراوە، لەلایەن هێزە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی پۆست ئیدارییەكانی پارێزگاكە".
هەر لەو بارەوە پەرلەمانتاری كوردستان، سۆران عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە "ئەمڕۆخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەكە كرا و بڕیار درا بدرێتە لێژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمان و لیژنەكەش راپۆرتێك لەو بارەیەوە ئامادە بكات".سۆران عومەر گوتیشی كە ئەگەر بێتوو راپۆڕتەكە تا رۆژی یەكشەممە ئامادە بكرێت ئەوە هەفتەی داهاتوو لەو بارەوە لە هەڵەبجە كۆدەبینەوە".
بە پێی لێداوانی عومەر عینایەت، "دوای گفتوگۆ لەسەری، پڕۆژەكە رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێ بۆ ئەوەی لەماوەی 15 رۆژدا دەنگی لەسەر بدات و دواتر بەپێی هەمان یاسا ئەگەر سەرۆكی هەرێم واژۆی كرد پارێزگارێك بۆ شارەكە دیاری دەكات و سەرۆكی حكوومەتیش دووجێگر دادەمەزرێنێت".