هه‌ولێر
به‌پێی خشته‌ی كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مان چاوه‌ڕوانی واژوكردنی یاسای هه‌مواری سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی ناكا.
ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان له‌زاری راوێژكاری راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان تاریق جه‌وهه‌ر سارمهمییهوه بڵاویكرده‌وه كه سبه‌ی سێ شه‌ممه سه‌عات یانزه په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی ژماره پێنجی ئاسایی خۆی ساز ده‌كا.
به‌پێی لێدوانی سارمه‌می په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به پێی بڕگه (3) له مادده‌ی (56)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگه‌ی دوازده‌یه‌م له مادده‌ی ده‌یه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو دیاری ده‌كا.
دیاریكردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدایه له دانیشتنی رۆژی 13ی ئه‌م مانگه په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند بڕگه‌یه‌كی له یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواركرده‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هۆی نیگه‌رانی فراكسیۆنی سه‌وز و به‌زۆرینه په‌سه‌ند كرا.
به‌پێی ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه پاش ناونانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نیا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران راده‌سپێرێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له ماوه‌یه‌كدا كه له (30) رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كا.
په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان قاره‌مان قادر بۆ ئانادۆڵو گوتی: "چاوه‌ڕوانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ین، بزانین یاسایی هه‌مواركراوی سه‌رۆكایه‌تی ئیمزادهكا یان نا. ئه‌گه‌ر ئیمزای بكا ته‌نیا سه‌رۆك وه‌زیران راده‌سپێرێ له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌گه‌ر واژوی نه‌كا وه‌ك ساڵانی رابردوو سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی له په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێ و ئه‌و كات ده‌بێ په‌رله‌مانتاران ده‌نگیان پێ بده‌ن."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له قسه‌كانی كرده‌وه و ده‌ڵێ وه‌ك خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم سه‌رۆك و جێگر به‌یه‌كه‌وه له په‌رله‌مان دیاری بكرێ، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه بێ هه‌مان تاس و حه‌مامی دوو ئیداری جێبه‌جێ ده‌كرێ.
ئه‌ندامی فراكسیۆنی سه‌وز له په‌رله‌مانی كوردستان زانا عه‌بدولڕه‌حمان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ماده‌م سه‌رۆكی هه‌رێم پرۆژه‌كه‌ی واژۆ نه‌كردوه، تا ئێستا ناونانی سه‌رۆك و جێگری وه‌زیران به یاسا كۆنه‌كه ده‌بێ."
زانا عه‌بدولڕه‌حمان هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر بگوترێ ئه‌م جۆره دیاریكردنه‌ی سه‌رۆك و جێگر جۆرێكه له دوو ئیداره‌یی، ئه‌مه راست نیه چونكه دوو ئیداره‌یی ره‌گی له‌ناو كایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی داكوتاوه، هه‌رچه‌نده قۆناغ به‌قۆناغ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. ئومێد ده‌كه‌ین دوو ئیداره‌یی كۆتایی پێبێ."
پارتی دیموكراتی كوردستان نێچرڤان بارزانی كاندیدكردوه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش قوباد تاڵه‌بانی بۆ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كاندید كردوه.