واشنتۆن
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی سوزن رایس لە "کۆڕبەندی شەشەمی بیروڕاکانی واشنتۆن" وەڵامی واڵسترێت جۆرناڵ و جێری سێبای دایەوە سەبارەت بە دیدارەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی ٥+١ و گوتی "ھێشتا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران سەختە و کێشە لە نێوانماندا ھەیە."
رایس لە گوتەکانی باسی لە "پشتیوانی ئێران لە تیرۆریستان" کرد کەئەوەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، ھەروەھا وڵاتێکە ھەوڵی بەدەستێنانی چەکی ئەتۆمی دەدا و گوتی "ساڵی رابردوو گەیشتینە رێککەوتن لەگەڵ تاران، بەپێی ئەو رێککەوتنە تاران بە تەواوەتی لە چەکی ئەتۆمی دوور دەخرایەوە و رێککەوتنێکی گشتگیر بوو کە بناغەیەکی توندی دەستەبەر کردبوو".
رایس جەختی لەسەر بەردەوامی دیدارەکان بۆ رێککەوتن تا ٢٤ی تشرینی دووەم کردەوە و گوتی "لەو بەروارەدا وادەی دیدارەکان کۆتایی دێ، ھیچ سیاسەتێکی نەرم بەدی ناکرێ لە ئێستادا، لە راستیدا پەیوەندی سرووشتی نێوان ئێران و ئەمریکا ھیچ گۆڕانێکی تێدا بەدی نەکراوە، ئەگەر بگەینە رێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، ئەوە بۆ ئەمریکییەکان و ناوچەکە سەرکەوتنێکی گەورە و هاتنەدی سەقامگیریی لە ناوچەکە دەبێ."
رایس لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەگەری ئەو سەرکەوتنە چەندە؟ گوتی "پێشبینی کردن زۆر قورسە، دەتوانم بڵێم لە %٥٠ کەمترە."
"پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا ھیچ قەیرانێکی تێدا نییە"
راوێژکاری کۆشکی سپی ئاماژەی بەبوونی بیروڕای جیاواز لەگەڵ ئیسرائیل کرد، ئەوەش تەنیا لە رووی دروست کردنی یەکەی نیشتەجێی جوولەکە لە فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە و گوتی "ھیچ قەیرانێک لە نێوان ئێمە و ئیسرائیلییەکاندا نییە وەک ئەوەی لە ھەواڵەکان باسی لێوە دەکرێ، تەنیا لەسەر پرسێک ئەویش دروست کردنی یەکەی نیشتەجێیە لەگەڵ ئیسرائیل."
سەبارەت بەپرسی سوریا و چارەسەرکردنی قەیران و کۆتاییھێنان بە جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە رایس جەختی کردوە، ئەگەر رژێمی سوریا لە حکوومەت لانەچێ ئەوە کێشەکان چارەسەر نابێ و رۆیشتنی ئەسەد چارەسەر لەگەڵ خۆی دێنێ.
"تورکیا بەشێکی سەرەکی و گرنگی ھاوپەیمانییەکەیە"
لەلایەکی دیکەوە جێگری سوزان رایس ، تۆنی بیلینکەن لە کۆڕبەندەکە وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە لە دژی رێکخراوی داعش دایەوە، بیلینکەن باسی لە بێ ھزکردنی داعش لە رێگەی پێشنیازی ئەمریکا و ھاوپەیمانان کرد کە لەو نێوەندەشدا رۆڵی تورکیا زۆر گرنگە و بەشێکی سەرەکی ھاوپەیمانییەکەیە.
تۆنی بیلینکەن لەکۆتایی گوتەکانی باسی لە رۆڵی تورکیا لە تێپەڕبوونی ھێزەکانی پێشمەرگە بە خاکی وڵاتەکەیدا کرد کە بووەتە رێکخەرێکی سەرەکی بۆ تێپەڕبوونی ئەو ھێزە بەرەو کۆبانێ. ناوبراو هەروەها گوتی لە سایەی تورکیاوە پێشمەرگە و سوپای ئازادی سوریا لە تورکیاوە تێپەڕ بوون بەرەو کۆبانێ، بۆیە تورکیا لەو نێوەندەدا رۆڵێکی زۆر باشی دیتووە.