Sarmand Hameed
19 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرههم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی پێگەیشت.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، حەسەن رەحانی، پیرۆزبایی لە بەرھەم ساڵح کردووە بەبۆنەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و نزیکبوونەوەی ھاتنی چەژنی رەمەزانی پیرۆز.
لەلای خۆیەوە سەرکۆماری عێراق سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کردووە بۆ ئەو هەنگاوە کە دەبێتە ھۆی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە نێوان ھەردوو وڵات، ھاوکات هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران خواستووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا روحانی بەفەرمی بانگهێشتی بەرهەم ساڵح-ی کردووە تاوەکو سەردانی ئێران بکات، لە بەرامبەردا بەرهەم ساڵح بەڵێنی دا کە لە کاتێکی گونجاودا سەردانی ئێران بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش کرا لە نێوان عێراق و ئێران، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات، هەروەها ئاماژەکراوە بە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق وەک گرنگییەک لە ناوچەکە و جیھاندا، چونکە سەقامگیری عێراق ئاسایش و سەلامەتی گەلانی ناوچەکە و جیھان بەهێز دەکات.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوو سەرۆک ئاماژەیان داوە بەگرنگی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکراوەتەوە لە کاری هاوبەش بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، لە پێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی هەردوو وڵات و مرۆڤایەتی بەگشتی.
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە دوا گۆرانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە کراوە، و ھەردوو سەرۆک دووپاتیانکردووەتەوە لەسەر پێویستی ھاریکاری ھاوبەش بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ھێنانەدی ئارامی و ئاسایش بۆ گشت گەلانی ناوچەکە.