Mustafa Melih Ahıshalı,Hemın Othman Mohammed,Mohammed Baqi Hussein
03 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2017
تاران - AA
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی كه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی مانگی ئایاری رابردوودا سه‌رۆكایه‌تی كۆماری وڵاته‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا له مه‌ڕاسیمێكی فه‌رمیدا ده‌ستی به كار كرد.
له مه‌ڕاسیمێكدا كه له كۆشكی به‌یتی ره‌هبه‌ری به‌ڕێوه‌چوو كه نووسینگه‌ی كاری رابه‌ری ئێران، عه‌لی خامنه‌یی لێیه، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته، ره‌حمانی فازڵی راپۆرتی سه‌باره‌ت به 12ـه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد و، رایگه‌یاند "سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه ئه‌منییانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن له وڵاته‌كه‌ماندا به شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ یاساكاندا هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست به‌ڕێوه‌چوو".
دوای پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كه‌ی رەحمانی فازڵی، سكرتێری تایبه‌تی خامنه‌یی، محه‌مه‌د گوڵپهیهگانی ده‌قی پهسهندنامهیی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری روحانی خوێنده‌وه و، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه خامنه‌یی ده‌نگی گه‌لی ئێرانی په‌سه‌ند كردووه و، روحانی بۆ چوار ساڵ كردووه به سه‌ركۆماری ئێران.
روحانی له وتاره‌كه‌یدا كه له مه‌راسیمه‌كه‌دا پێشكه‌شی كرد رایگه‌یاند، سیاسه‌تی میانڕه‌وانه سوودی زۆری بۆ بووژانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی هه‌بووه. ناوبراو ئاماژه‌ی به گرنگی و كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی ئابووری كرد و رایگه‌یاند، گه‌ل به به‌شداریكردن له ده‌نگداندا، به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستاون.
خامنه‌یی دوای روحانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد و جه‌ختی له گرنگیی هه‌ڵبژاردن كرده‌وه و رایگه‌یاند، پێویسته حكوومه‌تی روحانی له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئایندهی ده‌سه‌ڵاتیدا گرنگیی زۆر به چاره‌سه‌ری كێشه ئابوورییه‌كان بدات.
خامنه‌یی له وته‌كه‌یدا باسی له كێشه ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان كرد و رایگه‌یاند، پێویسته به‌رپرسان كراوه‌بن له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كاندا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ روحانی خواست.
روحانی كه بۆ چوار ساڵی دیكه‌ش سه‌ركۆماری ئێران ده‌بێت، 5ی ئاب له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی له مه‌راسیمێكدا سوێندی یاسایی ده‌خوات.