Heman Hussein Yaseen
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
رۆژی ٦ی تشرینی دووهەم وەک رۆژی جیهانی پاراستنی ژینگە لە کاتی ململانێ و شەڕدا ناسراوە. هەرێمی کوردستان یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانییەکان، ژینگەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە.
بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە لەماوەی پەنجا ساڵی رابردووەوە پێیدا تێپەڕبووە، بەشێکی زۆری ژینگەکەی رووبەڕووی شێواندن و پیسبوون بووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە دەزگای مین-ی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی شەڕ و ململانێکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووبەری ٧٧٦ هەزار کیلۆمەتر دووجا پیسبووە و لەم رووبەرەش ٥١١ هەزار کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە دەزگای مین، عوبێد ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانی پاراستنی ژینگە لەکاتی ململانێ و شەڕدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێکی زۆری کوردستان تووشی گرفتی مین وتەقەمەنی بووە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی شەستەکان و دواتریش لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕش، ئەوا حکوومەتەکان وەکو چەکێک بەکاریان هێناوە، لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق - ئێراندا زۆرترین مین لەناوچە سنوورییەکان".
عوبێد ئەحمەد گوتیشی: "بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی، ئەوا ٧٧٦ هەزار کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە هەم وەکو ژینگە مەترسییەکەکی ترسناکە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵانیش، لەم ژمارەیەش نزیکەی ٥١١ هەزار کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و ٢٦٠ هەزار کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە".
لەبارەی دیاریکردنی کاتێک بۆ پاککردنەوەی ئەو رووبەرەی ماوەتەوە، عوبێد ئەحمەد گوتی: "بەپێی راپۆڕتی ئێمە کە لەگەڵ یوئێن کردوومانە و پێی دەڵێن رێککەوتننامەی ئۆتاوا، پلانمان وایە لە ساڵی ٢٠٢٨ سەرجەم ناوچەکان لە مین پاکبکرێتەوە بەڵام ئەمە وەکو پلان وایە و لەبەر ئەوەی پلان پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانە و پێویستی بە بوودجە و هێزی مرۆیی هەیە و ئەمەش ئەگەر دابینبکرێت بەپێی رێککەوتنی ئۆتاوا لە ساڵی ٢٠٢٨ تەواو بێت بەڵام جێبەجێکردنی پلانەکە سەختە بەهۆی ئەوەی بوودجەیەکی زۆری پێویستە، هاوکات لە کوردستان و لە عێراقیش ئەولەویەت زۆرە و مین تاکە شت نییە کە بیری لێ بکرێتەوە وەکو ئەولەویەت".
لەبارەی ژمارەی سەنتەرەکانی دەزگای مین، عوبێد ئەحمەد گوتی: "لە هەرێمی کوردستان سێ سەنتەر هەیە لە هەریەک قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، پارێزگای دهۆک و پارێزگای سلێمانی، هەموو کەسێک کە سەرەتا دێتە ناو بەرنامەی مین دەبێت کۆڕس ببینێت و بڕوانامە وەرگرن و کۆڕسی جۆراوجۆرمان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی تیم و یاریدەدەر و پۆستەکانی دیکە و هەمووی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دانراون و هەموو کارەکانمان بەپێی ئەو رێنماییانە دەکرێت کە گونجاوە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان".
سەبارەت بە پەیوەندی دەزگای مین بە وڵاتانی دیکەوە لەبارەی هاوکاری و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان، عوبێد ئەحمەد گوتی: "پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ یوئێن و رێکخراوە جیهانییەکان و زۆرجار کۆڕس وەردەگرین لە دەرەوەی وڵات بۆ نموونە ٧ جۆرە کۆڕسمان بۆ دابینکراوە لە وڵاتی کەمبۆدیا کە لەلایەن رێکخراوی جایکای ژاپۆنییەوە فەند دەکرێت، هەروەها پلانی ساڵانەمان هەیە کە بەپێی رێژەی پیسبوونی شوێنەکانە و ئەو شوێنەی کە مینی لێ چێندراوە چەند نزیکە لە ئاوەدانی و لە شارەکان، زۆریش بایەخ دەدەین بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەوەی خەڵکی گوند بتوانن زەویییەکانییان بکێڵن بە مەبەستی کاری کشتوکاڵییان".
لەبارەی جیاوازی نێوان مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق – ئێران و ئەو جۆرە مینەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەم دواییە لەدوای خۆیاندا بەجێیانهێشتووە، عوبێد ئەحمەد گوتی: "تا پێش ساڵی ٢٠١٦ دا، باکوور و رۆژهەڵاتی مووسڵ لە کاری هەڵگرتنەوەی میندا هەمووی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا بوو بەڵام دوای ئەو بەروارە چەند گوندێکی خازر لەبەردەستمان ماوە، بەشەکانی دیکە لەژێر دەسەڵاتی عێراقە، بەڵام لە کوێ داعش هەبووبێت لەوێ بۆمبی چێنراو هەیە، تا ئێستاش نزیکەی زیاتر لە ٢٠ هەزار تەقەمەنیمان لەناو بردووە لەناوچەکانی خازر، رەبیعە، سنوونێ، بەعشیقە و بەشێک لە دەوروبەری داقوق".
سەبارەت بە جۆری مینەکانیش، عوبێد ئەحمەد گوتیشی: "ئەو مینە کلاسیکییەی کە هەیە و ناسراوە جۆری ڤاڵمارایە و دروستکراوی ئیتاڵیایە و لە کارگەیەکی فەرمیی دروستکراوە و بەرزی و کێش و ماددەکانی ناوی ئاماژەی پێکراوە بەڵام ئەوەی داعش دروستیکردووە، هەر گرووپە و بە ئارەزووی خۆی شتەکانی دروستکردووە و ماددەکانی جیاوازە و بەکەیفی خۆیان شتیان دروستکردووە، بۆیە نەتوانراوە پێشتر زانیاری لەسەر کۆبکەیەوە بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی کردەیی بیدۆزینەوە و بزانین ماددەکانی لەچی پێکهاتووە و چۆن دروستکراوە".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە دەزگای مین، عوبێد ئەحمەد گوتیشی: "مینی چێندراو جۆرەکانی ئیتاڵی، رووسی، چینی و ئەمریکی هەیە،عێراقیش کڕیوویەتی و ئێرانیش کاتی خۆی هەر چەند شوێنێکی گرتبێت ئەوا مینی لێ چاندووە".
ناوبراو راشیگەیاند کە ٣٥ تیمیان بۆ هەیە بۆ پاکسازی ناوچەکان لە مین و چەند تیمێکی دیکەش هەیە لە بواری تەقاندنەوەی مین کار دەکەن.
هاوکات گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان هەندرێن شێخ راغب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نەیشاردەوە کە زۆرترین زیان کە بەر ژینگەی هەرێمی کوردستان کەوتووە، بە هۆی شەڕ و ململانییەکان بووە و گوتی: "بێگومان مین پاوان و خاک دەستووتێنێت و دارەکان ژەهراوی دەبن و ژینگە دەشێوێت، بۆیە مین کارەساتێکی ترسناکە بۆ ژینگە".
هەندرێن شێخ راغب راشیگەیاند کە هەماهەنگیان لەگەڵ دەزگای مین هەیە لە بواری ژینگەیی و گوتیشی: "هەر کاتێک مین هەڵدەگیرێتەوە ئەوا بێگومان خزمەتە بە ژینگە، ئەگەرنا دەتەقێتەوە جگە لە زیانە گیانییەکان ئەوا زیان بە دار و درەخت و زەویش دەگەیەنێت".