ههولێر
رۆژنامەنووسان و پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی داكۆكی لە ئازادی، یادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی بەرز رادەگرن، لەم رۆژەدا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاساكانی پەیوەندیدار، بەكاری رۆژنامەوانی و راگرتنی پێشلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەوانان دەكەنەوە.
رۆژی 22ی نیسان، 117 ساڵ تێپەڕدەبێت، بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی كە لەساڵی 1898 لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆ لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن میقداد مدحەت بەدرخان دەرچووە و بڵاوكراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممەش لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی چەند پەرلەمانتارێك و نوێنەری سەنتەری میترۆ و رۆژنامەنووسان، مەراسیمێك بەبۆنەوە بەڕێوەچوو.
هیوا عومەر رێكخەری سەنتەری میترۆ لە هەولێر گوتی: "هێشتا لە هەرێمی كوردستان، پێشلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەیە و یاساكان وەكو خۆی جێبەجێ ناكرێت".
گوتیشی: "بەپێی بەدواداچوونی سەنتەری میترۆ بەخۆشحاڵیەوە پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەڕووی چەندایەتیەوە كەمیان كردووە، بەڵام ژینگە و شێوازی پێشلكاری و رێگرییەكان وەكو خۆی ماوەنەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد بەهۆی هاتنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی "داعش" ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەنووسی لە مەترسی گەورەدایە".
لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان، سالار مەحموود رایگەیاند "پەرلەمانی كوردستان، دەتوانێت درێژە بەو پەیامەی میقداد مدحەت بەدرخان و هاورێكانی لەقۆناغێكی هەستیار كە دەرفەت نەبوو لە سەرخاكی كوردستان باس لەئازادی بیرورا و دەركردنی رۆژنامە و ناسنامەی كورد و كوردستان بكرێت ئەوان چوون لە قاهیرە رۆژنامەیەكیان دەركرد بەناوی كوردستان".
گوتیشی: "پێویستە وەكو پەرلەمانی كوردستان كار لەسەر فەزای زیاتری ئازادی بكەین، هەروەها پێویستە یاسای 35ی كاری رۆژنامەوانی هەموار بكرێتەوە، بەجۆرێك دەبێت فەزای ئازادی زیاتر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت".
هەورەها یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەپەرلەمان دەرچووە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تێگەیشتنی تەواوی نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە".
سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمان، گوتیشی: "پێویستە مێدیاكان پابەندی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی بن، بەڵێ پێشلیكاریش بەردەوامە بەرامبەر رۆژنانەووسان، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت هەموومان، گەشە بەو پەیامە بدەین كە 117 ساڵ پێش ئەمرۆ دەستی پێكرد".
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، سۆران عومەر دەڵێت: "میدیای كوردی هەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی رۆڵی دەسەڵاتی چوارەم بگێڕێت، ئەوان قوربانیان داوە، پێشێلكاری بەرامبەریان دەكرێت، تا ئێستا كەیسی سێ رۆژنامەنووس لە كوردستان یەكلای نەبووەتەوە".
دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، پێیوایە یاساكان وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن، پێشلیكاریش بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەیە لە كوردستان.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، محەمەد گۆمەشینی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "وەكو دەستەی مافی مرۆڤ پێشنیاز و سەرنجمان لەسەر كاری رۆژنامەوانی هەیە تێبینمان لەسەر ئەو یاسایانە هەیە كە دەرچوون، بەداخەوە لە كوردستان یاسای 35ی كارۆ رۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری كە دوو یاسای پێشكەوتووباشن كەچی تا ئێستا جێبەجێ ناكرێن".
هەروەها تا ئێستاش رۆژنامەنووس هەیە بەپێی یاسای 35 مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی رۆژنامەنووس دادگای دەكرێن.
گۆمەشینی باسی لەوەشكرد لە راپۆرتی دەستەی مافی مرۆڤ پێشێلكاریمان تۆماركردوە. هەروەها داواش دەكەین، كە رۆژنامەوانان بەپێی پێوەر و یاساكانی و نێودەوڵەتی كار بكەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

