سلێمانی
ئەمڕۆ یەكشەممە كۆبونەوەیەكی تری دواخراوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو پارێزگاری سلێمانی، بەڵام كێشەی سەرەكی كۆبونەوەكە لەبری هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار بووە باسكردنی هاتنە ناوەوەی رێكخراوەكان بۆ نێو كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە.
پێش دەستپێكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەری 14 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی بۆ چاودێریكردنی كۆبونەوەكەو گوشارهێنان بوو بۆ هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن چونە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەوە رێگری لە چونە ژورەوەی ئەو رێكخراوانە و بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرا.ئەو رێگرییەی سەرۆكی ئەنجومەن بووە جێگەی نیگەرانی ئەندامانی ئەنجومەنەكەو ماوەی یەك كاتژمێر گفتوگۆی گەرمی ئەندامانی ئەنجومەنەكەی لێكەوتەوە، دواتر بەدەنگدان ئەو ناكۆكییە یەكلا كرایەوە و بڕیاردرا نوێنەری ئەو رێكخراوانە بێنە نێو كۆبونەوەكەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان تائێستا گۆڕان و یەكێتی هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگاری سلێمانی نییەو پێناچێ كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەش هیچ ئەنجامێكی هەبێ.
ماوەی 134 رۆژە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی مكوڕبونی هەردولایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێكەوتن لەسەر دیاریكردنی پۆستەكان.
ئەنجومەنی نوێی پارێزگای سلێمانی 32 كورسی هەیەو هیچ لایەك بەبێ پشتیوانی لایەنەكانی تر ناتوانێ زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێ و پۆستەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكا، لە ئەنجومەنەكەدا بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی 12 كورسی ، ی ن ك 11 كورسی ، فراكسیۆنی خزمەت"كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان" 4 كورسی، پ د ك 3 كورسی ، هەروەها لیستی كۆتایی مەسیحییەكان و لیستی هاوپەیمانی لایەنەكانی تر هەریەك خاوەن یەك كورسین.
رۆژی 24ی حوزەیران ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكەم كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە لەسەر پۆستەكان كۆبونەوەكە بۆ ماوەی 15 رۆژ بەكراوەیی هێڵدرایەوەو شەش كۆبونەوەی دواتریش بەهەمان شێوە دواخرا.