سەرۆكی حكومەتی فەلەستین لە غەززە ئیسماعیل هەنیە رایگەیاند كە لە ماوەی پێنج هەفتەدا حكومەتی كاتیی رادەگەیەنن.
هەنییە گوتی: "لە سەردەمێكدا كە پێشێلكاری دژی فەلەستینییەكان لە زیادبووندایە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی نیشتمانی و كۆتاییهێنان بە گرژییەكان، پێكهێنانی میكانیزمێكی پتەو ئەركێكی نیشتمانییە."
ئاشكراشی كرد كە بەپێی رێككەوتنەكە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەوڵەت و هەڵبژارنی گشتی و پەرلەمان، لە هەمانكاتدا ئەنجام دەدرێت.
هەروەها بڕیاریان داوە هەڵبژاردنەكان دوای پێكهێنانی حكومەتی كاتیی بە شەش مانگ ئەنجام بدرێن.
هەنییە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئەو ئەركە بە مەحمود عەباس سپێردراوە كە راوێژكاری لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكان و حزبە سیاسییەكان بكا".
لای خۆیەوە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی بزوتنەوەی فەتح عەزام ئەحمەد جەختی كردەوە كە كۆبوونەوەكان لە كەشوهەوایەكی ئارامدا بەڕێوەدەچن و گوتی: "رێكەوتنێكی لەو شێوەیە لە ماوەیەكی كورتدا، ئەوە دەگەیەنێ كە هەموو لایەك بە دڵ و گیانەوە كار دەكەن، هیوادارم ئەمە ببێتە سەرەتایەك بۆ هاوبەشییەكی راستەقینەی نیشتمانیی".