Zana Natık Kerem
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
ھەولێر – AA
رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژوو کرا.
رێککەوتنەکە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ بەغدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامی دا، واژوو کرا.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بەسەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبوویەوە.
مەسرور بارزانی، بەرلەوەی بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت لە توویتێکدا نووسیبووی "بە رێگاوەم بەرەو بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنمان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت".
رۆژی ٢٥ی ئادار، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی حەیدەر عەبادی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا تۆمارکرابوو، بڕیاری دا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا.
دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمێکی نوێی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، داھاتەکەشی لە ھەژمارێکی بانکی دادەنرێت و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەکارھێنانی پارەکەی دەبێت.
ھەروەھا ھەولێر و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات.
دەگوترێت، ھەر لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) دەدرێت بە کورد.