هەولێر
هیچ گەنجێك لە نێو كاروانی ئەو ئێزدییە ئازادكراوانەی ژێر دەستی داعش نەبووە و زۆرینەشیان ژن و منداڵ بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە پتر لە 200 ئێزدی كە پێشتر لە هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شنگال لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو دەستگیركرابوون لە نزیك ناحییەی رەشادەوە ئازادكران و گەیشتنە ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە.
بەرپرسی میحوەری باشووری كەركووكی هێزی پێشمەرگە وەستا رەسول لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی ئەوان سێ رۆژە لە رێگەی چەند سەرۆك عەشیرەتێكی عەرەب لە ناوچەكانی حەویجە و رەشاد چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو ئێزدییانە دەكەن.
وەستا رەسوڵ گوتیشی: "ئەو ئێزدییانە كە ژمارەیان لە نێوان 200 بۆ 270 كەس دەبن، پێشتر لە شنگال لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستگیركرابوون لەسەرەتای هێرشەكانیاندا بۆ ناوچە ئێزدی نشینەكانی پارێزگای نەینەوا براونەتە تەلەعفەر، دواتر لە چەند رۆژی رابردوو هێنراونەتە قەزای حەویجە و لەوێ دوو رۆژ ماونەتەوە، هەروەها دواتریش بۆ ناحییەی رەشاد هێنراون و رۆژێكیش لەوێ ماونەتەوە".
گوتیشی: "هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی ناوچەكانی حەویجە و رەشاد هەماهەنگیمان كرد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئێزدییانە كە هیچ گەنجێكیان تێدا نییە، هەموویان ژن و منداڵ و پیاوی گەورە لە تەمەنن و تەنها دوو تا سێ گەنجییان تێدایە كە ئەوانیش یان پەككەوتەن یان ناتەواون لەرووی دەروونییەوە".
گوتیشی ئەو ئێزیدییانە بە زۆرینە نەخۆشن و لەرووی تەندروستییەوە بارێكی جێگیریان نییە و هەروەها پێویستییان بە حەوانەوە هەیە بەهۆی ئەو شەكەتییەی كە چەند مانگە تووشی بوون.