هەولێر
زێباری دەڵێت هەر كەسێك لە كوردستان لە هەر نەتەوە و ئاینێك بێت ئەگەر پاڵپشتی داعش یان ئاسانكاری بۆ ئەجێنداكانییان بكات شوێنییان كوردستان نییە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم د. دیندار زێباری هەڵوێستی نەگۆڕی حكوومەتی بەرامبەر بەو كەسانەی هاوسۆزییان لەگەڵ داعش یان پەیوەندییان لەگەڵ هەیە یان پشتگیری ئەجێنداكانییان دەكەن دووپات كردەوە و رایگەیاند: "ئەو كەسانە هەمان مامەڵەی داعشیان لەگەڵ دەكرێت".
زێباری لە وەڵامی ئەو راپۆڕتە نێودەوڵەتییانەی كە هەندێك دەزگای میدیای نێودەوڵەتی بڵاوی دەكەنەوە لەبارەی رەفتارەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و مامەڵەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ داعش گوتی: "هەر كەسێك لە كوردستان لە كورد یان عەرەب تەنانەت ئەگەر مەسیحی یان توركمان یان شەبەك یان هەر نەتەوە و ئاینێكی دیكە بێت ئەگەر ئاسانكاریی بۆ داعش بكات یان پاڵپشتیی لێ بكات یان زەمینە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندەكانییان خۆش بكات، شوێنییان كوردستان نییە و ئازادن جێی بهێڵن".
سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتیشی: "ئەو راپۆڕتانەی كە باس لە فیتنەی تایفی و ناكۆكی نێوان كورد و برا عەرەبەكان دەكەن جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو راپۆرتانە دووڕن لە راستییەوە و بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانە لە كوردستان كە زۆرینەیان لە برا عەرەبەكانن".
روونیشیكردەوە: "حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی لە دەست داعش ئازادكراون و هەموو ئاوارەكان لە كوردستان ئازادن لە هاتووچۆكردن".
د. دیندار زێباری لە كۆتایی قسەكانیدا لەو رووەوە گوتی: "ئەو لێدوان و راپۆڕتە رۆژنامەنووسییانە رەت دەكەینەوە كە هەندێك لە كەناڵەكان بڵاویان كردووەتەوە بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی كە رێكخراوێك بە مەبەستێكی تایبەت بڵاوی كردوونەتەوە و بۆنی تایفەگەری لێوە دێت، چونكە ئەزموونی چەند ساڵەی رابردووی كوردستان تا ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرا و بەرچاوە".
جێی ئاماژەیە ئەو قسانەی زێباری لە كاتێكدا دێت كە پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ راپۆڕتێكی لەبارەی بوونی رێگری لە چوونەوەی بەشێك لە ئاوارە عەرەبەكانی هەرێم بۆ ناوچەكانی خۆیان كە پێشتر بەهۆی هەڕەشەكانی داعشەوە بەجێییان هێشتبوو بڵاوكردەوە و ئەوەش كاردانەوەی توندی حكوومەتی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا و سەر لەبەری زانیارییەكانی ئەو بابەتە لە راپۆڕتەكە رەت كرایەوە.